گۆڕینی سەرۆکی ئەرکانی ھاوبەشی سوپای کۆریای باکووری
ڕێبەری کۆریای باکووری سەرۆکی ئەرکانی ھاوبەشی سوپای وڵاتەکەی گۆڕی.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی کۆریای باکووری، ھاوکات لەگەڵ شەست و پێنجەمین ساڵگەڕی ڕێککەوتنی ئاگربڕی شەڕەکەی ساڵی ١٩٥٣ی زایینیی کۆریاو لە درێژەی ئاڵ و گۆڕەکانی ئەم نیمچە دوورگەیە،«ڕی یونگ جیل - Ri Yong-gil » ڕۆژی ھەینی بە پێی فەرمانێک لە لایەن «کیم جونگ ئون»ی ڕێبەری کۆریای باکوورەوە جێگای « ڕی میونگ سو-Ri Myong-su » سەرۆکی ئەرکانی ھاوبەشی سوپای کۆریای باکووری گرتەوە.
کۆریای باکووری ھەروەھا ئەمڕۆ ئاھەنگی شەست و پێنجەمین ساڵگەڕی ڕاوەستانی شەڕی کۆریای بەرپاکردو وێڕای ڕادەست کردنی ڕۆفاتی ٥٥ سەربازی کوژراوی ئەمریکی لە شەڕی کۆریادا داوای لە واشێنگتۆن کرد ھەتا ڕەزامەندیی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی کۆتایی ھاتنی شەڕو گەییشتن بە ئاشتییەکی پاوەجێ نیشان بدات.
گەڕاندنەوەی ڕۆفاتی لەشکریانی ئەمریکا کە لە شەڕی ھەردووک کۆریا لە ماوەی ساڵانی 1950 - 1953 دا کوژراون لەو ڕێککەوتنانەی دیدارەکەی نێوان داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاو کیم جونگ ئونی ڕێبەری کۆریای باکووری لە دانیشتنەکەی ١٢ی ژوئەن لە سەنگاپووردا بووە.
لە کاتی کۆتایی ھاتنی شەڕ لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینییەوە ھەتاکو ئێستا، ناوچەی نیمچە دوورگەی کۆریا لە دۆخی شەڕێکی نیوەچڵ دا بەسەر دەبات، چونکو ھەردوک لا بەس پەیمانی وازھێنان لە شەڕیان مۆر کردووەو دامەزرانی ئاشتییەکی ھەمیشەیی و پاوەجێیان واژۆ نەکردووە.
سئول و پیونگ یانگ ئەمڕۆ ڕایانگەیاند: خولی تازەی دانوستانی سەربازیی خۆیان لە ئاستێکی باڵادا لە ڕۆژی ٣١ی ژوئییە لە گوندی « پانمونجوم- Panmunjom » بەڕێوە دەبەن.
خولی یەکەمی دانوستانی سەربازیی ھەردووک کۆریا دوای نزیکەی دەیەیەک، ڕۆژی چواردەی ژوئەن بەڕێوە براو ھەردووک لا لەو دانوستانانەدا سەبارەت بە پێکھێنانی ھێڵێکی پەیوەندیی سەربازی لەنێوان دوو وڵات پێکەوە ڕێک کەوتن.