ئاب 07, 2018 13:15 Asia/Tehran
  • موگرینی: چارەسەر کرانی مەسەلەی ئەتۆمیی کۆریای باکوور پێویستی بە ئارامی و ئەهوەنی هەیە

ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا جەختی کرد چارەسەر کردنی کێشە دژوارە نێودەوڵەتییەکانی وەک مەسەلەی ئەتۆمیی کۆریای باکوور و قەیرانی شێوەدوورگەی کۆریا پێویستی بە سەبر و ئارامی و ئەهوەنی هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی یونهاپ؛ "فدریکا موگرینی" ڕۆژی دووشەممە لە دیداری "لی ناک یون " Lee Nak-yeon سەرۆک وەزیرانی کۆریای باشوور لە سیئول وتیشی؛ یەکێتیی ئەورووپا داکۆکی دەکات لە دەسپێشخەریی ئاشتی "مون جائە ئین"ی سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور و ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجی چەکداماڵینی ئەتۆمی و دامەزرانی ئاشتی لە شێوەدوورگەی کۆریا.

موگرینی بە ئاماژە بە ڕووداوە خێراکانی شێوەدوورگەی کۆریا لەوان دیداری سەرانی دوو کۆریا و هەروەها دیداری سەرانی کۆریای باکوور و ئەمریکا رایگەیاند: یەکێتیی ئەورووپا داکۆکی دەکات لە هەوڵ بۆ سڕینەوەی تۆکمە و تەواو، تاقی کردنەوەی راستی و لە گەڕانەوە نەهێشتنی ئەتۆمی لە شێوەی دوورگەی کۆریا.

سەرۆک وەزیرانی کۆریای باشووریش لەو کۆبوونەوەیەدا ڕێز و سپاسی دەربڕی بەرامبەر بە داکۆکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەوڵەکانی سیئول لە پێناو دامەزراندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە شێوەدوورگەی کۆریا.

"لی ناک یون" هەروەها داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد درێژە بدات بە داکۆکی لە پرۆسەی ئاشتی و چەکداماڵینی کۆریای باکوور.

"کیم جونگ ئون"ی ڕێبەری کۆریای باکوور و "مون جایە ئین" سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور ئاپریلی ٢٠١٨ لە ناوچەی سەرسنووریی "پانمونجوم" پێکەوە دیداریان کرد کە ئەوە دەسپێکی دانوستانی نوێ لە نێوان دوو وڵات دێتە ئەژمار.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکایش پاش ئەو دیدارەی نێوان سەرانی دوو کۆریا، ١٢ی ژوەن لە وڵاتی سەنگاپوور چاوی بە ڕێبەری کۆریای باکوور کەوت. کۆریای باکوور و کۆریای باشوور لە سالی ١٩٥٣ـەوە تا ئێستا لە حاڵەتی راگیردرانی شەڕدان.

 

سەرپەیڤ