ئه‌یلوول 14, 2020 18:09 Asia/Tehran
  • رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: بەرزبونەوەی رێژەی مردن بە کۆرۆنا پێشبینی کراوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە دو مانگی داهاتودا رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزببێتەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکەدا لەو دو مانگە دژوارتر دەبێت.

هانز کلوگی، بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس-ی راگەیاندوە، پێشبینی دەکەن دو مانگی داهاتو (تشرینی یەکەم/10) و مانگی (تشرینی دوەم/11) مەترسی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی زیاتربێت و "لەو دو مانگەدا رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکە زیاد دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆنا لەو دو مانگە دژوارتر دەبێت و ژمارەی توشبوان وەک لە ئامارەکاندا دیارە تائێستاش لە ئەوروپا بەردەوامە لە بەرزبونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی رۆژانەی مردن بەهۆی پەتاکە تائێستاش جێگیرە.

لێدوانەکەی ئەو بەرپرسەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی ئەوەی تێدایە کە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا شەپۆلی دوەمی کۆرۆنا نزیک بوەتەوە، ئەوەش جەختکردنەوەیە لەسەر وڵاتان کە رێکاری توندتر بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبونەوەی پەتاکە.

بەگوێرەی دوایین ئامار ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە گەیشتوەتە 29 ملیۆن و 185 هەزار و 779 کەس، لەو ژمارەیەش 21 ملیۆن و 31 هەزار و 16 کەس چاکبونەتەوە و 928 هەزار و 287 کەسیش گیانیانلەدەستداوە.

سەرپەیڤ