کانونی یه‌که‌م 13, 2020 12:47 Asia/Tehran
  • روسیا: رێککەوتنی قەرەباغ پێشێلکراوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، دوای نزیکەی دوو مانگ لەراگەیاندنی رێککەوتن بۆ راگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی قەرەباغ، 11ی ئەم مانگە یەکەم پێشێلکاری ئاگربەستەکە تۆمارکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، 11ی ئەم مانگە پێشێلکاری رێککەوتنی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی قەرەباغ تۆمارکراوە و لەناوچەی هادروت هێزەکان تەقەیان کردوە.

مۆسکۆ کەنێوەندگیری رێککەوتنەکەیە و لەئێستادا 23 بنکەی هێزەکانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا جێگیرکردووە ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای ئەوەی بەچەکی سوک تەقە کراوە، هەردولا ئاگادار کراونەتەوە کەبەخێرایی گرژییەکانیان رابگرن.

تائێستا روننەکراوەتەوە کە ئەو لایەنەی پێشێلکاری ئاگربەستەکەی کردوە کێ بووە، لەو بارەیەوەش هەردوو حکومەتی  ئازەربایجان و ئەرمینیا یەکتر تۆمەتبار دەکەن.

رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، کە  ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ئەوە ڕێککەوتون، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست و  دەست بە دانوستانی بنەرەتی دەکەن بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی  لە زوترین کاتدا".

لایەنەکان جەختیان لە دەستپێکردنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و دەستگیرکراوانی دیکە و تەرمی ئەو کەسانە کردەوە کە کوژراون رێککەوتنەکەش لە قەرەباغەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ناوبژیوانی کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی.

لای خۆشیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند"هەردوو لایەنی ناکۆک لە قەرەباغ، لەسەر مەرجەکانی رێککەوتنەکە بە وردی ڕێکدەکەون"

27ی ئەیلولی ئەمساڵ، شەڕوپێکدادان لە نێوان هەردو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی قەرەباغ دەستیپێکرد.

سەرپەیڤ