لە فەڕەنسا گرژی لەنێوان خۆپیشاندەرانی دژ بە پرۆژە یاسای ئاسایشی گشتگیر و پۆلیس ڕوویدا
لە شاری پاریس پایتەختی فەڕەنسا خۆپیشاندان دژبە پڕۆژەیاسای ئاسایشی گشتگیر یەن “جیاکردنەوەی ئیسلام” و زیادبوونی حاڵاتەکانی ئیسلامۆفۆبیا لەو وڵاتە ئەنجامدرا.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە فەڕەنسا ڕەخنە لەو پڕۆژەیاسایە دەگرن، چونکە وای بۆ دەچن کە ئازادی ڕۆژنامەوانیی پێشێل دەکات، هەروەها توندوتیژی پۆلیس زیاد دەکات و ئازادی تاکە کەسیش سنوردار دەکات.
دەیان کەس لە گۆڕەپانی شاتلیە لە شاری پاریس گردبوونەوە و دروشمیان دژبە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بەرزکردەوە و داوایان کرد کە پرۆژەیاسای “ئاسایشی گشتگیر” ھەڵبوەشێندرێتەوە.
چالاکوانانی دژبە ئیسلامۆفۆبیا لە خۆپیشاندانەکەدا، بەشداربوون و ئیدانەی پڕۆژەیاساکەیان کرد کە بە وتەی ئەوان “موسڵمانان لە فەڕەنسا دەکاتە ئامانج”.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جیراڵد دارمانان ڕایگەیاند کە لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس ڕویداوە و 18 کەسیش دەستگیرکراون.
بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ئیما نوئێڵ ماکرۆن بڕیاریدا بە لابردنی چەند بڕگەیەکی پرۆژە یاساکە بەڵام خۆپیشاندەران سوورن لەسەر ئەوەی کۆی پرۆژە یاساکە ڕەتبکرێتەوە و هەڵبوەشێنرێتەوە.