ھەڕەشەی چین لە تایوان
لە بەرانبەر هەوڵەکانی تایوان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە چین، پەکین هەڕەشە دەکات و دەڵێت، “ئەو هەوڵ و هەنگاوە واتە هەڵگیرساندنی جەنگ.”
پیرۆزبایی حکومەتی تایوان لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و پێشوازیکردنی لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا، لە بەرانبەریشدا جەختکردنەوەی ئەمریکا لەوەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی توانا سەربازییەکانی تایوان و یارمەتیدانی ئەو وڵاتە، پرسی هەوڵە سەربەخۆییخوازەکانی تایوان لە چین-یان هێناوەتەوە بەر باس.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا، چین جارێکی تر دەستیکردەوە بە چالاکیی سەربازی و ناردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری تایوان و هۆشداری دەدات بەو وڵاتە کە بیر لە جیابوونەوە نەکاتەوە.
وەزارەتی بەرگریی چین ڕایگەیاندووە، “ئێمە بە جدییەتێکی زۆرەوە بەو هێزە سەربەخۆییخوازانەی تایوان دەڵێین، ئەوانەی یاری لەگەڵ ئاگردا دەکەن خۆیان دەسووتێن، سەربەخۆیی تایوان واتە هەڵگیرساندنی جەنگ”.
تایوان خاوەنی حکومەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام چین وەک بەشێک لە خۆی لێی دەڕوانێت و ناوبەناو ویستی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی تایوان ئاشکرادەکات.