حوزه‌یران 21, 2021 17:37 Asia/Tehran
  • سەرباری شکستی لە جەنگی قەرەباغ، پارتەکەی پاشینیان هەڵبژاردنەکانی ئەرمینیای بردەوە

سەرەڕای شکستی لە جەنگی قەرەباغ، پارتەکەی نیکۆل پاشینیان هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئەرمینیای بردەوە، خۆشی دەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

 

دوێنێ لە ئەرمینیا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی بەرێوەچوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرایکردووە، پارتی “گرێبەستی کۆمەڵایەتی” بە سەرۆکایەتیی نیکۆل باشینیان 53.92٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا نزیکترین رکابەری، کە هاوپەیمانێتیی “ئەرمینیا”یە بەسەرۆکایەتیی ڕۆبەرت کۆچەریان-ی سەرۆکی پێشووتری وڵاتەکە تەنها 20.41%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

پێکهێنانی حکومەتی تاکلایەنە لە ئەرمینیا پێویستی بە 54%ی دەنگەکانە، بۆیە پێدەچێت پارتەکەی باشینیان بتوانێت بەتەنها حکومەتی داهاتوو دروستبکات.

سەرکەوتنی پارتەکەی نیکۆل باشینیان لەکاتێکدایە، ئەرمینیا لەساڵی ڕابردوودا جەنگی قەرەباغ-ی بەرامبەر بە ئازەرباییجان دۆراند و بەشێکی زۆر لە خاکی ئەو هەرێمەی لەدەستدا، بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەرمینییەکانیشەوە، باشینیان، کە سەرۆکی حکومەت بوو، لە کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستیلەکارکێشایەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ڕاگەیاند.

باشینیان دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکە، وتارێکی پێشکەش بە لایەنگرانی کرد، نەیشاردەوە کە لەماوەی ڕابردوودا کاتی سەختیان بەڕێکردووە، “بەڵام ئێستا کاتی هەستانەوە و سەرکەوتنە”.

سوپاسی ئە رمینییکانیشی کرد، کە ڕێگەیان پێدا ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

بەڵام هاوپەیمانێتییەکەی کۆچەریان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بە جێی مشتومڕ ناوبرد و ڕەتیدەکاتەوە دانیپێدانێت.

ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەرمینیا زۆر بەرز نەبوو، لە کۆی نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس بەشدارییان کرد.

سەرپەیڤ