حوزه‌یران 08, 2022 13:01 Asia/Tehran
  • ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان: ئیسرائیل ھۆکاری قەیرانەکانی ناوچەکەیە

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان یەکگرتووەکان ڕژێمی زایونیی بە ھۆکاری سەرەکیی قەیران چێکردن و تێکدانی سەقامی ناوچەکە زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلۆ، لێژنەی بەدواداچوونی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان یەکگرتووەکان لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین، لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆی دا ڕایگەیاندووە: بەردەوام کرانی داگیرکاریی ڕژێمی زایونی و ھەڵاواردن دژی فەلەستینییەکان دوو ھۆکاری سەرەکیی قەیرانی یەک لە دوای یەک و ناپاوەجێیی و درێژەخایاندنی پێکدادانەکانە لە ناوچەکەدا.

لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لە سەر ئەوە کراوە کە کۆچی زۆرەملێی و یان ھەڕەشەی کۆچ پێکردن، تێکدان و کاول کردنی ماڵی فەلەستینییەکان و شارۆچکە چێکردن، توندوتیژی نواندن لە لایەن شارۆچکەنشینەکان و گەمارۆدانی غەززە لەو ھۆکارانەی ئاڵۆزی و قەیران دێنە ئەژمار.

لێژنەی بەدواداچوونی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان یەکگرتووەکان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، سزا نەدرانی ڕژێمی زایونی توڕەیی و نیگەرانیی گەلی فەلەستینی پەرە پێ داوە.

جێگای ئاماژەیە، وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمی زایونیش لە پەرچەکردارێکدا بەرامبەر بەم ڕاپۆرتە ڕایگەیاندووە، ئەو ڕاپۆرتە یەک لایەنەو ڕق ھەستێنەو وەک بە فێڕۆدانی سامانی نێونەتەوەیی و ھەوڵدانی دامەزراوەکانی سەربە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئیدانە کردنی ئیسرائیل لە چوارچێوەی ھەوڵی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دژی ئیسرائیل لێک دەدرێتەوە.

سەرپەیڤ