هەڵپەساردنی سەرجەم دیدار و ڕووداوە دووقۆڵییەکانی نێوان چین و ئەمریکا
پەکین لە درێژەی توڕەیی خۆی لە کارەکانی واشنتۆن، سەرجەم ڕووداوە سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی هەڵپەسارد و ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کەمکردەوە.
لە کاردانەوە بە سەردانی دنەدەرانە و دەستێوەردەرانەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، سوپای چین دەستی بە مانۆڕەکانی دەوروبەری دوورگەکە کردووە. جگە لەوەی فڕۆکە جەنگییەکان هێرش دەکەنە سەر ھێڵی جیاکەرەوەی گەرووی تایوان، سوپای چین ڕایگەیاند کە "هێرشێکی مووشەکی ورد"یان لە گەرووی تایوان ئەنجامداوە لە چوارچێوەی مانۆڕێکی سەربازیدا.
لە هەمان کاتدا وەزارەتی بەرگری تایوان، لە بەرامبەردا، لە بەیاننامەیەک دا رایگەیاند، سیستەمی چاودێری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بەکارهێناوە بۆ رێگریکردن لەومووشەکانەی کە بەرەو باکووری رۆژهەڵات و باشووری رۆژئاوای ئەم دوورگەیە هەڵدراون، هەروەها هێزەکانی تایوان لە ئامادەباشیی تەواودان.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کاردانەوە بە سەردانەکەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، ڕایگەیاند کە پەکین کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی بەرگریی ئەو دوو وڵاتەی هەڵوەشاندووەتەوە.