پەسەندکرانی ھەمواری یاسای خانەنشینی لەلایەن ئەنجومەنی سێنای فەڕەنساوە سەرەڕای ناڕەزایەتی ملوێنان کەس
ئەنجومەنی سێنای فەڕەنسا سەرەڕای ناڕەزایەتیی ملوێنان کەس ، پڕۆژەیاسای پڕهەراو هوریای «ئیمانۆئیل مەکرۆن»ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لەبواری ھەمواری یاسای خانەنشینی پەسەند کرد.
سێنای فەڕەنسا سەرلەئێوارەی شەممە بە سەدو نەوەدو پێنج دەنگی ئەرێنی لەبەرامبەر سەدو دوازدە دەنگی دژبەر ئەو پڕۆژەیاسایەی پەسەند کرد.
ئەو گەڵاڵە دەنێردرێتە کومیتەی هاوبەشی هەردووک پەرلەمانی ئەووڵاتەو ڕەنگە ڕۆژی چوارشەممە لەو کومیتەیە تاوتوێ بکرێ.
بێتوو ئەو گەڵاڵەیە لە کومیتەی هاوبەشی هەردووک پەرلەمانەکە پەسەند بکرێ، ڕێی تێ ئەچێ، کە سێناو کۆگەی نیشتمانی ڕۆژی پێنج شەممە دواهەڵبژاردن لەو پەیوەندیەدا بەڕێوە بەرن.
بەڵام ئاکامی هەڵبژاردن لە کۆگەی نیشتمانی تەواو ناڕوونە، چونکا پارتەکەی «مەکرۆن» بۆپەسەندی ئەو گەڵاڵە پێویستی بەدەنگی پارتەکانی دیکەش هەیە.
بێتوو حکومەتەکەی «مەکرۆن» بەو ئاکامە بگا کە دەنگی پێویست لە کۆگەی نیشتمانیی ئەو وڵاتە بۆ پاڵپشتی لەو گەڵاڵەیە بەدەست نایەت، ڕەنگە بەبێ دەنگ وەرگرتنیش لە پەرلمان پەسەند بکرێ و بەڕێوە بچێ.
گرینگترین تەوەری ئەو گەڵاڵە بەرز کردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە شەست و دوو ساڵەوە بۆ شەست و چوار ساڵە، بابەتێک کە زۆر بە توندی دژایەتی لەگەڵ کراوەو ڕۆژی شەممەش دیسانەوە بەهەزاران کەس بەئامانجی دژایەتی لەگەڵ ئەو بابەتە هاتنە سەر شەقام.
ئەو خۆپیشاندانانە لەماوەی چەند حەوتەی ڕابردوودا دوو ملوێن کەسی هێنایە سەر شەقام، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ژمارەی ناڕازییەکان لەو خۆپیشاندانە سەرانسەریەی ڕۆژی شەممەدا سێسەدو شەست و هەشت هەزار کەس بوو.