تشرینی دووه‌م 21, 2023 12:00 Asia/Tehran

وەزیری دەرەوەی چین لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندە دیپلۆماتیکەکانی چەند وڵاتی عەرەبی و هەروەها ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، داوای لە هەموو جیهان کرد بە زووترین کات ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ کۆتایی هێنان بە ڕەوشی کارەساتباری کەرتی غەززە.

«وانگ یی» وەزیری دەرەوەی چین ئەمڕۆ داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد کە هەرچی خێراتر تەگبیری پێویست بگرنە بەر بۆ کۆتایی هێنان بە تراژیدیا و ڕەوشی کارەساتباری کەرتی غەززە.

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ئۆردۆن، میسر، سعودیا، ئەندونێزیا و دەزگەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، هەروەها سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، سەردانی پکەنیان کرد و ئەمڕۆ چاویان بە وەزیری دەرەوەی چین کەوت.

وەزیری دەرەوەی چین لەم دیدارەدا ڕایگەیاند: دۆخی قەیراناویی کەرتی غەززە کاریگەری دادەنێتە سەر هەموو وڵاتانی جیهان و بناغەکانی مرۆڤایەتی و ویژدانی مرۆیی دەخاتە بن پرسیارەوە. ناوبراو وتیشی کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستبەجێ ڕێوشوێنی کاریگەر بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە درێژخایەن بوون و بڵاوبوونەوەی ئاگری ئەم شەڕە [لە کەرتی غەززە]. وەزیری دەرەوەی چین لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندە عەرەبییەکان ڕایگەیاند، چین ئامادەی هاوکاری و یارمەتییە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی کەرتی غەززە و گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا لە زووترین کاتدا.

سەرپەیڤ