شەرمەزارکرانی جیهانیی ترۆری "ئیسماعیل هەنیە"ی سەرۆکی مەکتەب سیاسیی حەماس
پاش ترۆرکرانی ناجوانمێرانەی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران. کەسایەتییە جیاجیاکانی جیهان، شەرمەزاریان کرد.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشیی بەبۆنەی شەهیدبوونی ئەو ڕێبەرە ئازا و خەباتگێڕە بلیمەتە، لە ئۆممەتی ئیسلامی و بەرەی خۆڕاگری و گەلی سەربەرزی فەلەستین، پێی داگرت: "رژیمی زایۆنیستیی جەنایەتکار و ترۆریست، بەو کارەی بواری خۆشکرد بۆ سزادرانێکی سەخت و تۆڵەکردنەوەی کە لە خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شەهیدکرا، بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین.
"مەسعود پزشکیان" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وێڕای ئاماژە بە شەهادەتی "ئیسماعیل هەنیە" وتی: بێگومان، ئێران، داگیرکەرانی ترۆریست، لە کردەی ترسنۆکانەیان پەژیوان دەکاتەوە.
"دیمیتری پسکۆف" وتەبێژی ئۆفیسی سەرۆک کۆماریی ڕووسیاو "میخائیل بۆگدانۆف"ی یاریدەری سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش شەهادەتی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەب سیاسیی حەماسیان بەتوندی ئیدانە کرد.
"سەردار ئەیاز ساد" سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی پاکستان، "مەولانا فەزڵ رەحمان"، ڕێبەری پارتی کۆمەڵەی زانایانی ئیسلام لە پاکستان، "حافز نەعیم رەحمان"، ڕێبەری جەماعەتی ئیسلامیی پاکستان، سێناتۆر "شیری رەحمان"، نوێنەری ئەنجومەنی سێنا(پیران)ی پاکستان و "سەید خورشید شا"، وەزیری پێشووی کاروباری ئایینی و نوێنەری پارتی خەڵک لە پەرلەمانی پاکستانیش لە بەیاننامەی جیاجیادا، ترۆری سەرۆکی مەکتەب سیاسیی حەماس لە تارانیان شەرمەزار کرد.
"رەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا، "نەجیب میقاتی"، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان، "ئەنەس حەقانی" یەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی سەرپەرشتی ئەفغانستان، حیزبوڵڵای لوبنان و "مەهدی مەشات" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەنیش لە بەیاننامەی جیاجیادا، ترۆری ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی حەماسیان بەتوندی شەرمەزار کرد.