کوژرانی ژنەهەواڵنێرێکی ئێراقی لە شەڕی داعش
"ڕەنا عەجیلی" هەواڵنێر و بەرپرسی ڕاگەیاندنی تیپی ١٣ی هێزەکانی حەشدی شەعبیی لە ئۆپەراسیۆنی پاکتاو کردنەوەی میحوەری قائیم هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای پارێزگەی ئەنبار، لە سنووری سووریا کوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ لەم ئۆپەراسیۆنەدا "مونتەزەر عادڵ"ی وێنەهەڵگریش بریندار بووە.
ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کردنی ڕۆژاوای پارێزگەی ئەنبار لە ڕۆژاوای ئێراق لە بوونی تیرۆریستانی داعش بە بەشداریی هێزەکانی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە دەست پێ بووە.
بە ڕزگار کرانی شاری قائیم هەموو ناوچە گرینگەکانی ئێراق لە بوونی تیرۆریستان پاکتاو کرانەوە و تەنیا بەشێک لە ناوچەکانی باکووری قائیم ماوە کە پێشبینی دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا بکەوێتە دەستی هێزی ئێراقی.
هێزەکانی هاوبەشی ئێراقی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕزگار کردنی بەشی "ڕاوە" Rawa لە ڕۆژاوای پارێزگەی ئەنبار لە بوونی تیرۆریستانی داعش.