پێداگریی حەیدەر عەبادی لەسەر هاوبەشیی چالاک لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەپەیامێکدا بەپێداگری لەسەر پاراستنی ئاسایشی عێراق لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، داوای لەگشت شارومەندانی ئەو وڵاتە کرد بەشێوەی چالاک بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی بن.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن، حەیدەر عەبادی لەسەروبەندی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق وتی: هاوبەشیی چالاک لە هەڵبژاردنەکان، سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بەهێز دەکا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە هیچ مەترسییەک لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان، ئاسایش و سەلامەتی شارومەندان ناخاتە مەترسی، وتی: عێراق، یەکپارچە بووەو دوژمنان جارێکی دیکە ناتوانن یەکڕیزیی وڵات بخەنە مەترسی.
حەیدەر عەبادی جەختی کرد: تیرۆریستان سەرباری بڕێک هەوڵدانیان هەرگیز ناتوانن ئاسایشی عێراق بخەنە مەترسی و دەم و دەزگە ئاسایشی و هەواڵگرییەکان، تیرۆریستان لەناوخاکی عێراق و ئەودیوی سنوورەکان پێوشوێن دەگرن.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ساڵی٢٠١٨ ی عێراق، یەکەم هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە پاش شکست هێنان بە گرووپی ڕەشەکوژی داعش و دووهەم هەڵبژاردن پاش کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لەساڵی٢٠١١ دێتە ئەژمار.
ئەمڕۆ شەممە ١٢ی مای چوارەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لەناوخۆی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێ. کۆمیساریای باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، لەکۆی حەشیمەتی٣٦ملوێن کەسیی عێراق، بیست و چوارملوێن مافی دەنگدانیان هەیەو هەڵبژاردنەکان لە هەژدە پارێزگای عێراق بەڕێوە دەچێ.