کانونی یه‌که‌م 19, 2018 09:18 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی عێراق: لە دانیشتنی داهاتوودا کابینەی حکومەت تەواو دەکرێت

عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، پێنجشەممەی داهاتوو کابینەی حکومەتەکەی تەواو دەبێت و متمانە دەدرێت بەو وەزیرانەی کە ماون.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ، عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ، ڕۆژی سێشەممە (١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی حەوتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووی پەرلەماندا، کابینەی حکومەتەکەی تەواو دەبێت و پەرلەمان متمانە دەدات بەو وەزارەتانەی کە ماون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر بێتو لەلایەن قەوارە سیاسییەکانەوە سەرپشکبکرێت بۆ پێشکەش کردنی ناوی نوێ بۆ دەستبەکاربوون لەو پۆستە وەزارییانەی کە ماون، بە دڵنیاییەوە ئەو ئەرکە لەئەستۆ دەگرێت.

عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەش کرد، کابینەی حکومەتی ئێستا لە چاو حکومەتەکانی ڕابردوو کەمتر ڕەنگ و بۆنی حزبایەتیی پێوە دیارە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە، کێشەکانی عێراق گەورەن و بەم پێیەش بە چەند ڕۆژ و چەند حەوتەیەک کۆتاییان نایەت.

جێگای ئاماژەیە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەم دواییەی خۆی دا دەنگی دا لەسەر دیاریکردنی نوری ناتق وەک وەزیری پلاندانان و عەلی عەبدولئەمیر وەک وەزیری ڕۆشنبیری و قوسەى سوهەیل وەک وەزیری خوێندنی باڵا.

لە ئێستاشدا پێنج وەزارەت ماون پڕبکرێنەوە کە دیارترینیان وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرین.

 

سەرپەیڤ