نەیارەتی لەگەڵ مانەوەی فۆئادخوسێن لە پۆستی وەزیری دارایی لە کابینەی تازەدا
پەرلەمانتارانی عێراق نەیاری مانەوەی فۆئادخوسێن وەزیری دارایی سەربە پارتین لە کابینەی تازەی وڵاتەکەیاندا.
یوسف کەلابی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە:ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران بەتۆمەتی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی نەیاری دمانەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی لە پۆستەکەیدان.
کەلابی لەلێدوانێکدا باسی لەوەش کردووە کە، فوئاد حوسێن وەزیری دارایی هەموو عێراقییەکان نەبووە، بەڵکو نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی کردووە، بەو پێیەی پۆستەکەی خۆی قۆستووەتەوە و سەرپێچی یاسا داراییەکانی کردووەو سامانی عێراقییەکانی بەهەدەرداوە.
ناوبراو وتووشیویەتی:ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران سوورن لەسەر ئەوەی کە رێگە نەدەن جارێکی تر فوئاد حوسێن لە پۆستی وەزیری داراییدا بمێنێتەوە.
فوئاد حوسێن لەسەر پشکی پارتی دیموکرات پۆستی وەزارەتی دارایی لەکابینەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران وەرگرتبوو ولە ئێستادا پارتی بەوە تۆمەتبارە کە گوایە بەنیازە وەزیرەکانی بئاخنێتە نێو کابینەی تازەی عێراق بە سەرۆکایەتیی موستەفاکازمیش.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە عیماد باجەڵان پارلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانیکیدا ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوەو ڕایگەیاندووە کە:ئەو قسەو باسانەی کە لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاودەبنەوە لەمەڕ ئەمەی کە پارتی دەیەوێت چەند ناوێکی دیاریکراو لەکابینەکەی مستەفا کازمیدا بسەپێنێتەوە، دوورن لەڕاستییەوە. بەڵکو کازمی خۆی پێشنیازی ئەوەی خستووەتە بەردەست کورد کە وەزارەتەکانی ئێستای کە وەزارەتەکانی داد و دارایی و نیشتەجێکردنن هەر لەدەستی کورددا بمێننەوە.
جێگای ئاماژەیە رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو «تەها دیفاعی» پەڕلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانیی نەسر بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووش ئاشکرای کرد کە، پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی لەکابینەی مستەفا کازمیش لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.