دەست پێ بوونی ھەڵمەتی بەربڵاوی دژی بەرماوەکانی داعش لە عێراق
وتەبێژی سەرکردایەتیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق باسی دەرچوونی فەرمانی دەست پێ بوونی ھەڵمەتی بەربڵاوی دژی بەرماوەکانی داعش لە وڵاتی کرد لە لایەن سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەرەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵدەریی ئەلعەھدنیوز، «عەبدوکەریم خەلەف» وتەبێژی سەرکردایەتیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق وتی: «عادل عەبدولمەھدی» سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر فەرمانی بە تەواوی فەرماندەرانی ھەڵمەتەکە داوە کە بە ھاوکاریی دەزگاکانی ھەواڵگری و پاڵپشتیی ھێزی ئاسمانی، بەرماوەکانی تاقمی تیرۆریستیی داعش لە بڕێک لە ناوچەکانی وڵات بە تەواوی تەفروتونا بکەن.
«خەلەف» بە دەربڕینی ئەمەی کە ھەواڵە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق تەنیا گەورەکردنەوەیەو قەت ڕاست نییە، وتیشی: تیرۆریستانی داعش لەم دواییەدا ناوچەگەلێکیان کردووەتە ئامانج کە لە گردوپەڕی شارەکاندان و کۆمەڵێکی زۆر کەمی ھێزی ئاسایشتییان تیادا بووە.
وتەبێژی سەرکردایەتیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ھەروەھا وتیشی: ئەم ھەڵمەتە سەربازییە بە بەشداریی ھێزی ئاسمانیی سوپا،ھێزی وشکانی و حەشدی شەعبی، سەرکردایەتیی ھەڵمەتی ئەنبار، ئەلجەزیرەو ئەلبادیەو خەباتی دژی تیرۆریزم بەڕێوە دەچێت و بەرەو سنوورە نێونەتەوەییە ھاوبەشەکان لەگەڵ سووریا پەرە دەستێنێ.
«جەعفەر ئەلبەتات» سەرکردایەتیی ھێزی پۆلیسی فیدراڵی عێراقیش باسی گەڵاڵەیەکی ئاسایشتیی ھاوبەشی کردووە بۆ پەیگەڕ کردنی بەرماوەکانی داعش لەم وڵاتەداو جەختی لەوە کردووەتەوە کە گۆڕانکارییە ئاسایشتییەکانی ئێستا دەربڕی پێویستیی پیاداچوونەوە بە گەڵاڵە ئاسایشتییەکانی ئەم وڵاتەیە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ئەم دواییە جم و جوڵی بەرماوەکانی داعش لە پارێزگاکانی سەلاحەددین، دیالە، بابل و ئەنباری عێراق پەرەی سەندووەو چەندین ھێرشی تیرۆریستیی دژی ھێزەکانی ئاسایشت و ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی ئەنجامی گرتووە کە کوژران و بریندار بوونی کۆمەڵێکیانی لێ کەوتووەتەوە.