77 شارۆچکە و گوند لە پارێزگەی دیالە پاککراونەتەوە
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی، ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تەمموز، ڕایگەیاند لە میانەی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق، 77 شارۆچکە و گوند لە دیالە پاککراونەتەوە.
لیوا تەحسین خەفاجی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، ئاماژەی بەوە کرد، "لە ئێستادا هێزەکانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق – قۆناغی چوارەم، ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە سنووری پارێزگای دیالە دەپشکنن و پاکیان دەکەنەوە".
سەبارەت بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا 77 شارۆچکە و گوندی سنووری پارێزگاکەیان پاککردووەتەوە.
هەر ئەمڕۆش، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە شەفەق نیوزی وت، "لە ناوچەکانی قەزای میقدادییە لە باکووری شاری بەعقوبە، بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی حەشدی شەعبیدا تەقیوەتەوە".
بە وتەی سەرچاوە ئەمنییەکە، "دوو ئەندامی حەشدی شەعبی کوژراون و دووانی دیکەش برینداربوون".
وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، یەحیا ڕەسوول، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاشکرای کرد، تەنها لەمڕۆدا پێنج گوندیان پشکنیوە و دەستیان گرتووە بەسەر ڕاگرێکی هەڵدانی مووشەک، هاوێژەرێکی ئاڕ بی جی، 20 گوللە ئاڕ بی جی، دوو هاوەنی 60 ملیمەتر و 30 ملیمەتر، چەکێکی بی کەی سی، چوار بۆمبی چێندراو و چەکێکی نیشانەشکێن.