ھەوڵی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا
نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵی ڕێکخستنی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی گرفتە دارایی و یاساییەکانی نێوانیاندایە، لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەغدا دەستپێکردوە.
نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەدات
جنین هێننس پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەدات و لەوچوارچێوەیەشدا چاوی بە بەرپرسانی هەرێم و بەغداش کەوتوە.
ئەوەش زانراوە، هەوڵەکانی پلاسخارت لەنێو هەرێم و بەغدا پشتگیریان هەیە، بەڵام نەیاریی زۆریشیان هەیە، بەو پێیەی بەشێک لەهەوڵەکانی پەیوەندی بە لایەنی یاسایی و ئابوریەوە هەیە و ڕەنگە تەگەرەیان بۆ دروستبکرێت.
لەوبارەیەوە خەسرەو گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاندوە، نەتەوە یەکگرتوەکان هەمیشە لەدوای ڕوخانی بەعسەوە، ڕۆڵی باشی بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان داوە.
لەلایەکی تریشەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبابەتەکە رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتوەکان هەوڵی پێدانی ئیمتیازاتی یاسایی زیاتر بە هەرێم دەدات، لەبەرامبەریشدا کار بۆ لێسەندنەوەی هەندێک ئیمتیازاتی ئابوری و دارایی دەکات.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکراکرد، هەنگاوەکان بەو جۆرەیە، ئایندەی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا زامنتربکرێت و وەکو هەرێمێکی ئاسایی لێی نەڕوانرێت، بەڵکو وەکو قەوارەیەکی سیاسی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، لەڕووی یاساییشەوە دان پێدانراوتر بێت، هەروەها لەناوچە کێشە لەسەرەکان ڕۆڵ بەکورد بدرێتەوە، لەبەرامبەریشدا هەندێک مەسەلەی ئابوری هاوشێوەی نەوت و ئاسمان و خاڵە سنوریەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا بگێڕدرێتەوە.
لای خۆشییەوە، حەسەن جیهاد ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"نەتەوەیەکگرتووەکان کار بۆ ڕێککەوتنی باش و جێگیر دەکات لە چوارچێوەی دەستوری عێراق دا، بەجۆرێک هەموو لایەک پێی ڕازی بن."