ته‌مووز 21, 2020 19:24 Asia/Tehran
  • کازمی: دەبێ ڕێگاچارەیەکی گشتداگر بۆ کۆتایی ھێنان بە ئالێنگارییەکانی ناوچەکە بدۆزرێتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: دەبێ لە ڕێگای ھاوکاری و کارکردن لەگەڵ وڵاتانی جۆربەجۆری ناوچەکە،ڕێگاچارەیەکی گشتداگر بۆ کۆتایی ھێنان بە گرفت و ئالێنگارییەکانی ناوچەکە بدۆزرینەوە.

«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی سێ شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ حوججەتولئیسلام وەلموسلمین «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، ھێزمەند کردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان دوو وڵاتی وەک ئامانجی گەشتەکەی بۆ تاران ڕاگەیاندو وتیشی: ئەم گەشتە بۆ ھێزمەند کردنی پەیوەندیەکانی نێوان دوو وڵات ئەنجامی گرتووە، بە تایبەت کە ئەمڕۆ لەگەڵ ھێندێک گرفت دا بەرەوڕووین کە بەشێکی بۆ سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: لە بەر وەھا گرفتگەلێک ئێمە پێویستمان بە ھاواھەنگیی نێوان دوو وڵاتە و پەیوەندییەکانیشمان بەس بۆ ھەزارو ٤٥٠ کیلومەتر سنووری ھاوبەشی ناگەڕێتەوە بەڵکو ئەم پەیوەندییانە مێژوویی و ڕۆشنبیری و ئایینین.

وتیشی : ئێمە لەبارەی کاروباری ناوچەکە، سەقام و ئاشتی و ئاسایشت، ئەویش لە جەنگەی ئەو گرفتە ئابوورییەکی کە لە بەر کۆرۆنا بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە باس و وتووێژمان کرد.

کازمی پێشی داگرت: گەلی عێراق ھۆگری پەیوەندیەکی تایبەتین لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە سەر بنەمای دەست وەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی یەکتر.

«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێمە بەگژ تیرۆریزم و تاقمە تەکفیرییەکاندا چووینەتەوە، وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ئاراستەیەدا لە ڕیزی ئەو یەکەم وڵاتانە بوو کە پشتی عێراقی چۆڵ نەکردو دیارە ئێمەش ئەمەمان لەبیر ناچێتەوەو ھەر لە بەر ئەمەش عێراق بۆ پەڕینەوە لە گرفتە ئابوورییەکانی ئێستای ئێران لە تەنیشتی دا وەستاوەو لە ئێستادا بووەتە بازاڕێکی گەورە بۆ بازرگانی و ناردەمەنیی ئێران.

کازمی وتیشی: پەیوەندیی دەرەوەیی عێراق لە سەر بنەمای ھاوسەنگی و خۆدوورخستنەوە لە ڕیزبەندییەو ھەر بۆیە ماوەی ئەوە نادەین کە ھیچ ھەڕەشەیەک لە خاکی عێراقەوە ڕوو لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. بە تایبەت کە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردووک وڵات بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوەو دیارە دەبێ وەھا پەیوەندییە مێژینەش بپارێزرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە، ئێمە لە عێراق دا بەرەڤانی و پشتگری لە ئێران دەکەین بە سەردێڕی کاری خۆمان و ناھێڵین ھیچ دەست درێژییەک لە لایەن عێراقەوە بکرێتە سەر ئێران.

وتیشی: ئێمە لە بارەی کارا کردن و ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکانی نێوان دوو وڵات بە تایبەت ھێڵی ڕێگای ئاسنی نێوان دوو وڵات لە ڕێگای خوڕڕەمشار بۆ بەسرە، وتووێژمان کردو گەلێک ھیوادارم کە ئەم ڕێککەوتنانە بەم زووانە بچنە واری جێبەجێ کردنەوە کە دیارە بە قازانجی ھەردووک وڵات دەبێت.

ناوبراو لە دوابەشی وتەکانی وتی: جارێکی تر سوپاسی بەڕێز سەرۆک کۆمار «حەسەن ڕۆحانی» و کاربەدەستانی دیکەی ئێران دەکەم لە بەر داکۆکی کردن لە عێراق لە ئاراستەی خەباتی دژی تیرۆریزم ، ھەروەھا سوپاسی بەڕێز ڕۆحانی دەکەم لە بەر بانگێشتنە جوامێرانەکەی و ئەو میئواندارییە گەرم و گوڕەی، ھیوادارم کە بەم زووانە گرفتی کۆرۆنا بڕەوێتەوەو شایەتی پەیوەندییەکی ھەرە باشی بازرگانی، ئابووری و ڕۆشنبیری بین لە ئاراستەی دابینکرانی بەرژەوەندییەکانی ھەردووک لا.

سەرپەیڤ