ته‌مووز 26, 2020 23:02 Asia/Tehran
  •  جگە لە ھەرێم ، قەدەغەی ھاتوچۆ لە سەرانسەری عێراق بۆ ماوەی 10 رۆژ

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانیی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمموز، قەدەغەی هاتوچۆی تەواوی لە ڕێکەوتی 30ی تەمموزی 2020 تاوەکو 9ی ئابی 2020 ڕاگەیاند، بەمەش ڕۆژانی جەژن لە پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، قەدەغەی هاتوچۆی تەواو جێبەجێ دەکرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، "مستەفا کازمی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی کرد، لە میانیدا ستایشی هەوڵی گەورەی سوپای سپی [پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی] کرد کە بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەوە و تووشبووان چارەسەر دەکەن".

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی چەند بڕیارێکیان دەرکرد، لەوانە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواو بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، کە لە ڕۆژی پێنجشەممە 30ی تەمموز دەستپێدەکات و لە ڕۆژی 9ی ئاب کۆتایی دێت".

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق گەیشتووەتە 110 هەزار و 32 کەس، لەو ژمارەیەش 75 هەزار و 217 کەس چاکبوونەتەوە و چوار هەزار و 362 کەسی دیکەش مردوون.

سەرپەیڤ