ئاب 03, 2020 14:28 Asia/Tehran
  • نوێنەری UN لە عێراق داوا له‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌کات هاوکاریی ئێزدییه‌کان بکه‌ن

له‌ یادی شه‌ش ساڵه‌ی کۆمه‌ڵکوژیی کوردانی ئێزیدی دا، نوێنه‌ری تایبه‌تی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌ عیراق داوای له‌ هه‌ردوو حکومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا کرد، هاوکاریی کوردانی ئێزدی بکه‌ن و ده‌ڵێت "تاکەی دەبێت ئێزیدییەکان باج بدەن؟"

جینین پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان عیراق لە یادی شەش ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان راگه‌یه‌ندراوێکی بڵاوکرده‌وه‌ و ستایشی خۆڕاگریی ئێزیدییەکانی کرد لە پاراستنی کلتور و خاکی خۆیان و وتی " سەرەڕای بەربەستە سەختەکان سوربوون لەسەر مافەکانی خۆیان. لەو پێناوەشدا داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەن هەرچی زووە بگەنە ڕێککەوتن بۆ ڕەخساندنی کەشێکی لەبار و ئارام، تا ئێزیدییەکان بتوانن سەرلەنوێ لە ناوچەکانیان ژیانیان بنیات بنێنەوە."

پلاسخارت خۆشحاڵیی خۆشی ده‌ربڕیوه‌ به‌وه‌ی ئێزدییه‌کان بڕیاریان داوه‌ به‌دوای ئازادی و دادپەروەری بۆ کۆمەڵگاکەیان بگه‌ڕێن و ده‌ڵێت "هەرچەندە ژان و ئازارەکانیان کۆتایی نەهاتووە و ئازاری شنگالیش بەهۆی نەبوونی سەقامگیریی و خزمەتی پێویست و ئیدارەیەکی یەکگرتووەوە درێژەی هەیە، بۆیە دەپرسن تاکەی دەبێت ئێزیدییەکان باج بدەن؟"

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی سەرلەنوێ‌ داوا لە هەردوو حکومەتی بەغدا و هەولێر دەکەن پەلەبکەن لە چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە و گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەباشی دەزانن چارەسەرێکی دوورمەودا بدۆزرێتەوە بۆ سەقامگیریی و دابینکردنی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە، چونکە هەموان قەرزاری قوربانیدانی ئێزیدییەکانیین و هەستی هاوبەشی مرۆڤایەتی لەو ڕووەوە کۆمان دەکاتەوە."

سەرپەیڤ