ئاب 15, 2020 23:42 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی عێراق: پێشوازی لە هەر سازشێک دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی بەغداد و هەولێر

جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد، ئەمڕۆ شەممە 15ی ئاب، ڕایگەیاند پشتگیری سازشی گەڕانەوەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوانیان.

 

ئاژانسی شەفەق نیوز بڵاویکردەوە کە بەشیر حەداد لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لەوە کردووە کە وەک پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە هەر سازشێک دەکەن بۆ گەڕانەوەی شاندی هەولێر و بەغداد بۆ سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆکان، "چونکە دواخستنی گفتوگۆکان زیان بە خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت".

جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمانس عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "چاوەڕوانین بەمزووانە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە، چونکە هیچ بەربەستێکی گەورە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نییە، لەبەرئەوە بەمزووانە کۆدەبنەوە".

ڕۆژی 12ی ئاب، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بە ئەنجامی دانوستانی هەولێر و بەغداد کردبوو و نووسرابوو :  " حکومەتی هەرێم هیچ بیانوویەکی دەستووریی و یاسایی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ".

چەند کاتژمێرێک دواتر، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە وەڵامی حکومەتی هەرێمدا، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرسوڕمانی لە ڕاگەیەنراوەکەی هەولێر دەربڕی کە تێیدا ھاتبوو :  " نەرمی نەنواندنی پێویست لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و لۆمەکردنی حکومەتی فیدراڵ لەسەر خەرجییە داراییەکانی هەرێم، پێش یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی پەیوەست بە داهاتەکانەوە، خۆدزینەوەیەکی پەسەندنەکراوە لە بەرپرسیارێتی، لە کاتێکدا بەغداد پێداگر بووە لەسەر گەرەنتیکردنی داواکاریی فەرمانبەران و خانەنشینان و هاوڵاتییانی شایستە، ئەویش لە چوارچێوە یاساییەکان و بە شێوەیەک کە ڕووبەڕووی لێبڕین و بەهەدەردان نەبێتەوە".

سەرپەیڤ