ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیار دەکات سێ وەزارەتی حکومەت بکەن بە یەک
لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 29ی ئاب، ڕایگەیاند کە پێشنیارییان کردووە هەرسێ وەزارەتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی بکرێت بە یەک وەزارەت.
نەدا شاکر جەودەت، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی کارەکانی هەرسێ وەزارەتی پیشەسازی، بازرگانی و ئابووری لە ئاستی پێویستدا نین بۆیە پێشنیازمان داوەتە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران تاوەکو ئەو سێ وەزارەتە لەناو یەک وەزارەتدا کۆبکرێنەوە بەناوی وەزارەتی ئابووری.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری پەرلەمان وتی، "ئامانج لەو پێشنیارە ڕوبەڕوبوونەوەی پێشێلکارییە ئیدارییەکان و گەندەڵییە لە فەرمانگە و دامەزراوە و وەزارەتەکانی حکومەتدا".
نەدا شاکر وتیشی، ئامانجمانە لەم ڕێگەیەوە دڵنیایی لە ڕێکوپێکی کارەکانی ئەو وەزارەتانە و گەشەپێدانی ئەو سێ کەرتە بەدیبهێنین و جەختیشیکردەوە، "پێویستە لە کابینەی داهاتووی حکومەتدا ئەو پێشنیازە جێبەجێ بکرێت".