پەرلەمانتارێک: گەلی عیراق دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل
باسم خەزعەلی ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "گەلی عیراق دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانە لەگەڵ ئیسرائیلی داگیرکەر، بەڵام هەندێک لایەنی بەرژەوەندیخواز پێچەوانەی ئەو بۆچونە بیردەکەنەوە".
باسم خەزعەلی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکردوە، گەلی عیراق بەگشتی دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ئیسرائیل، تەنها ئەو لایەنانە نەبێت، کە بەرژەوەندیە تایبەتییە تەسکەکانی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی گەلەوە.
وتیشی "کورد دوژمنایەتی ئیسرائیل ناکات بەتایبەتی، کە پەیوەندییەکی کۆن لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە هەڵوێستیان لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلی داگیرکەر ئاشکرایە".
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیکردوەتەوە، سەرەڕای ناکۆکییەکان لە بۆچونی سیاسی، عیراق بەشێوەیەکی گشتی یەکگرتوە بەرانبەر بابەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، کە رەتیدەکاتەوە و لەگەڵ گەلی فەڵەستینیدا دەوەستێت.