تشرینی یه‌که‌م 25, 2020 17:47 Asia/Tehran
  • بۆ چارسەری قەیرانی دارایی عێراق داوای وەرگرتنەوەی قەرزەکانی سەر هەرێم دەکرێت

لیژنەیەکی پەڕلەمانی عێراق پێیوایە یەکێک لە ڕێگاکانی زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەتی عێراق و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بێ پەنابردن بۆ قەرزکردنی ناوخۆیی دەرەەکی ، بریتییە لە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە کەلەکەبووانەی لەئەستۆی هەرێمی کوردستانن.

میدیای شارپرێس راپۆریدا ، نەدا شاکر جەودەت  ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نێوان لیژنەی دارایی و یاسایی و لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەڕلەمانی عێراق، چەند پێشنیازێکی بۆ زیادکردنی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران خستۆتەڕوو، لەناویاندا وەرگرتنەوەی قەرزەکانی ئەستۆی هەرێم و کەمکردنەوەی ژمارەی وەزارەتەکانی حکوومەت.

جەودەت ڕوونیکردۆتەوە کە چەند پێشنیازێک بۆ بابەتی زیادکردنی داهاتەکان خرانەڕوو، گرنگترینیان کەمکردنەوەی وەزارەت و پۆستەکان و وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی حکوومەتی فیدراڵی کە لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان.

ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان ئەوەشی وتووە کە چەند ڕێگایەکی تریش هەیە دەکریت بۆ زیادکردنی داهاتەکان پشتیان پێببەسترێت، وەک کۆکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و زیادکردنی ئاشکرای فرۆشتنی دراو و داهاتە نەوتییەکان لەناوخۆدا.

باسی لەوەش کردووە کە هێشتا داهاتی باج و دەروازە سنوورییەکان لە داتاکانی حکوومەتدا نین ، بەڵکو تەنیا باسی داهاتەکانی فرۆشتنی نەوتی خاو دەکرێت.

سەرپەیڤ