شێخ خەزعەلی: ئاگربڕ لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی پێ ھات
سکرتێری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی پێکھاتنی دەوڵەتێکی ھێزمەند لە عێراقدا بە مەبەستی وەدی ھێنانی پاوەجێیی لەم وڵاتەدا، لە چەکی خۆڕاگری لە عێراق پشتیوانیی کردو وتی: ئاگربڕ لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی پێ ھاتووە.
«شێخ قەیس خەزعەلی» شەوی ھەینی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعێراقییە وتی: ئامانجی تاقمە خۆڕاگرەکانی عێراق لە ھەڵگرتنی چەک وەدی ھێنانی ئامانجێکی دیارییە و ئەگەر ئەم ئامانجە وەدی بێت و داگیرکەران لە وڵات بڕۆنە دەرەوە ئەوسا ئەم چەکەش وەلا دەنرێت.
«خەزعەلی» وتیشی: ئاگربڕ لەگەڵ ئەمریکییەکان لە بەر وەدی نەھاتنی مەرجەکانی کۆتایی پێ ھاتووەو تاقمە خۆڕاگرەکان بەرنگار بوونەوەی چەکدارانەی ھێزەکانی بیانی بە مافی خۆیان دەزانن.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە لە بەرامبەر ئاگربڕدا دوو مەرج دانزا بوو کە ھیچیان وەدی نەھاتن، یەکەم ئەوەی کە ئامادە بوون و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی لە عێراق دەبێ بە پێی خشتەیەکی دیاری کراوو گونجاو بێت و دووھەم ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق بە سەر ئاسمانی وڵاتەکەی دا کۆنترۆڵی ھەبێت و ڕێ لە دووپات بوونەوەی ھێرشی ئاسمانی بگیردرێت.
شێخ خەزعەلی ئاماژەی کردە پێدرەکردنی تورکیاش لە خاکی عێراقداو وتی: تەوەرەی تورکی_سەعودی لە ڕێگای شێخەکانی عەشایەرو کەسایەتییە سەربەخۆکانەوە کمەیان کردووەتە باشووری عێراقەوە.
سکرتێری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق ھەڕەشەی تورکیا بۆ سەر عێراقی لە ھەڕەشەی ئەمریکا بە پڕمەترسی تر زانی.