کانونی یه‌که‌م 06, 2020 16:39 Asia/Tehran
  • باڵوێزی ئێران لە عێراق: ئێران هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی عێراق نییە

باڵوێزی ئێران لە بەغدا وێڕای ئیدانە کردنی هێرش بۆ سەر شوێنە دیپلۆماتیکەکان، وتی: تاران هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا نین، نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە بەغدا وێڕای ئیدانە کردنی هێرش بۆ سەر شوێنە دیپلۆماتیکەکان، وتی: تاران هیچ پێوەندیەکی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی دەرەوە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق نییە.

مەسجدی لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراق وتی: ئێران بەردەوام پاڵپشتیی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە بووە و هەیە و هەرجۆرە پێشێل کرانێکی سەروەریی عێراق و دەستدرێژی بۆ سەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن هەر کەسێکەوە، ئیدانە دەکات.

ناوبراو وتی: ئێمە پێمان وایە کە ئەبێ شوێنە دیپلۆماتیکەکان پارێزراو بن و ئەوە یاسایەکی نێودەوڵەتییە.

باڵوێزی ئێران لە بەغدا گوتیشی : لەکاتی هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە شارەکانی بەسرە، نەجەف و کەربەلا هیچ لایەنێک هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەدا، وەک بڵێی کە ئەوانە شوێنگەلێکی دیپلۆماتیک نەبوون و ئەوە جێی داخە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئێران ئامادەیی گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا و زانستی نەتەوەیی بۆ هەموو وڵاتانی موسڵمانی هەیە و بە بۆنەی هەڕەشەی داعش لەسەر عێراق، ئەو وڵاتە هەر کات داوای یارمەتی بکات،ئێمە پاڵپشتی تەواوی لێ دەکەین.

مەسجدی سەبارەت بە پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق وتی: هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە ئەبێ خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن چونکوو ئیمکانات و سەرچاوەی پێویست بۆ ئەو کارە هەیە.

باڵوێزی ئێران لە بەغدا ڕاشیگەیاند: ئێران پێوەندیەکی فەرمیی لەگەڵ عێراق هەیە و هیچ پێوەندییەکی نهێنیی لەگەڵ هیچ گرووپێکی چەکدار کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق بێت، نییە.

ناوبراو سەبارەت بە گواستنەوەی وزە، ڕێگای ئاسنی و ئاو و کارەبا بە عێراق وتی: سەرەڕای ئەوەی کە عێراق پارەی ئەو وزەگەلە دوا دەخات بەڵام ئێمە هەر دەیانفرۆشینە عێراق و لە بیری دروست کردنی ڕێگای ئاسنی و ڕێگای زەوینی لە نێوان دوو وڵاتەکەشداین.

باڵوێزی ئێران لەسەر پێوەندی لەگەڵ عەرەبستانیش ڕایگەیاند : ئێمە وەکوو هەمیشە خوازیاری پێوەندی باش و بنیاتنەرلەگەڵ عەرەبستان و کۆتایی هێنان بە دوژمنایەتییەکان لە گەڵ ئەو وڵاتە موسڵمانەین، وێڕای ئەوەی کە پێوەندی عەرەبستان و عێراق هیچ پێوەندیەکی بە ئێمەوە نییە و دژایەتی هەندێک گرووپی نزیکی ئێران لە عێراق لەگەڵ ئەو پێوەندییە، بە واتای ئەوە نییە کە ئەو ڕوانگە لەلایەن ئێمەوە سەپاوە.

سەرپەیڤ