کانونی یه‌که‌م 16, 2020 22:59 Asia/Tehran
  • ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ستایشی رۆڵی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی فیدڕاڵی کرد بۆ بەرپەرچ دانەوەی چەکدارانی یەپەگە

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕایگەیاند: ستایشی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدڕاڵییەکان دەکەین کە رێگریان کردووە لە هاتنی هێزی چەکدار لەسوریاوە بۆ ناو خاکی عێراق.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەسەرۆکایەتی «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران کۆبوەوە و رایگەیاند، ستایشی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدڕاڵییەکان دەکەن کە رێگریانکردوە لە هاتنی هێزی چەکدار لەسوریاوە بۆ ناو خاکی عێراق لەسنوری ناحیەی «سحێلا» لە نەینەوا و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش چڕدەکرێنەوە بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەدوبارەبونەوەی ئەو روداوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دوای کۆبونەوەکەی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیای دا جەختی لەوە کردەوە کە، لەکۆبونەوەکەدا باس لەدۆخی سنورەکان کراوە بەتایبەت ئەو هێرشەی لەلایەن هێزی چەکدار لەسوریاوە کراوەتەسەر خاکی عێراق، لەو روانگەیەوە ستایشی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدڕاڵییەکان دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و بەهاوکاریی هێزەکانی حکومەتی فیدڕاڵی وەڵامدراوەتەوە و حکومەت هەوڵەکانی بۆ دوبارە نەبونەوەی روداوێکی لەو شێوەیە چڕتردەکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگه‌یاند: شەوی رابردوو ژمارەیەک ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل «یەپەگە» لەسنوری «سحێلا» ویستیان سنووری سوریا ببەزێنن، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە رێگرییان لێکراو بەوهۆیەشەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی «یەپەگە»ش ئەو ھەواڵەیان ڕەت کردووەتەوەو ڕایانگەیاندووە:  ئەو قسانە دورن لە ڕاستییەوەو قەت لە لایەن ئێمەوە ھێرش نەکراوەتە سەر پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان.

سەرپەیڤ