کانونی یه‌که‌م 19, 2020 17:57 Asia/Tehran
  • بۆ پێدانی ڤیزا عێراق و تورکیا دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی 2009

باڵیۆزی عێراق لە تورکیا ڕایدەگەیەنێت، بەغداد و ئەنقەرە دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی 2009 دەربارەی پێدانی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات.

 

حەسەن جەنابی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا ئەمڕۆ شەممە 19ی کانونی یەکەم وتی، لە گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی تورکیدا، بڕیاری گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی 2009 کە بریتییە لە وەرگرتنی ڤیزا لە کاتی چوونە فڕۆکەخانەکان یان گەیشتنە خاڵە سنورییەکان.

جەنابی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەشی وت، دەرگای هەردوو وڵات جارێکی دیکە لە بەردەم هاتوچۆی هاوڵاتییان دەکرێتەوە، سەرەڕای وەلانانی ئەو ڕێگری و ئاستەنگانەی بەمدواییە لەبەردەم هاتوچۆی نێوان هەردوولا هەبوون.

باڵیۆزەکەی عێراق ئاماژە بەوەشدەکات “ئەم بەرەوپێشەوە چوونە بەهۆی ئەو پشتیوانییە سیاسییە بێسنوورەیە کە لەلایەن تورکیاوە پێشکەش بە حکومەتەکەی کازمی دەکرێت”.

لە تشرینی یەکەمی ڕابردوو تورکیا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی عێراق لە شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا.

لە حوزەیرانی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵپەساردنی کارکردنی بەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە ڕاگەیاند کە سەبارەت بە تورکیا دەربارەی چوونە ناو هەردوو وڵات واژۆکرابوو.

 

سەرپەیڤ