بەغدا دژی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەجمێ و پۆلیسیش پەرۆشی ھەڵکوتانەسەر باڵوێرخانەی ئەم وڵاتەیە
ئەمڕۆ پێنج جەماوەری بەغدا دژی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە بەغدا دەستیان دایە خۆپیشاندان و پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانیش بۆ پاراستنی نوێنەرایەتییەکەی ئانکارا شوورەیەکیان لە بەردەم ئەم شوێنە پێکھێناوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨ی فڤریەی ٢٠٢١ جەماوەری توڕەی شاری بەغدا پێتەختی عێراق بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە سنوور بەزاندن و پڕکێشییەکانی سوپای تورکیا لە مەڕ ھێرشکردنەسەر ھەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتە لە بەردەم باڵوێزرخانەی ئانکارا لە بەغدا گردبوونەوەیەکیان پێک ھێناو دەستیان کرد بە دروشم ھەڵدان دژی کردارەکانی دەست درێژکارانەی تورکیا.
خۆپیشاندەران لەو گردبوونەوەیەدا وێڕای بە داگیرکەر ناساندنی دەوڵەتی تورکیا و ئیدانەکردنی ھەنگاوەکانی دەست درێژکارانەی لە باکووری عێراق، داوایان لە دەوڵەتی وڵاتەکەشیان کرد کە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیاو خەوشێندرانی سەروەریی خاکی وڵاتەکەیان بێ دەنگەی لێ نەکات و وەڵامی ئەو پڕکێشیانە بداتەوە.
خۆپیشاندەران ھەروەھا داوای ئەوەشیان کردووە کە دەوڵەتی وڵاتەکەیان ھەرچی خێراتر ھەستێ بە ڕاپەڕاندنی پەسەندکراوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ وەدەرنانی ھێزەکانی بیانی لەم وڵاتەو بە پێی ھەمان یاسا ھەوڵی کردنە دەرەوەی سوپای داگیرکەری تورکیاش بدات.
جێگای ئاماژەیە پۆلیس و ھێزە ئەمنیەکانی عێراق بۆ پاراستنی باڵوێزخانەی تورکیا لە ئاگری ڕق و توڕەیی جەماوەری ناڕازیی ئەم وڵاتە باڵوێزخانەکەیان گەمارۆ داوەو خۆیانیان بۆ ھەرچەشنە ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو ئامادە کردووە.
لە ماوەی چەند مانگی ئەم دواییەدا تورکیا بە بیانووی بەرنگار بوونەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان ھێرشی ئاسمانی و زەوینیی خۆی بۆ سەر باکووری عێراق چڕتر کردووەتەوەو سەرباری ناڕەزامەندی دەربڕینی دەوڵەتی بەغدا، لە سەر ئەو سنوور بەزاندنانەشی بەردەوامە.