ئادار 29, 2021 08:47 Asia/Tehran
  • د. بەشیر حەداد: ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندنەبێت، بەغدا پارەی بۆ نانێرێت

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان هۆکار نەبووە بۆ دواخستنی بودجە و کێشەی چەند لایەنێکی شیعییە و چەند فراکسیۆنێکی شیعی ناڕازین لەسەر بابەتەکانی قەرز و نرخی دۆلار.

 

بە پێی ھەواڵێکی  میدیای وێستگەنیوز ، د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی پشکی هەرێمی کوردستان داخراوە و ئەوەی قسەی لەسەر دەکرێت پرسی قەرزەکان و نرخی دۆلارە، سەبارەت بەو فراکسیۆنە شیعیانەش کە ناڕازین لەسەر ئەو پرسانە وتی، فراکسیۆنەکانی فەتح، دەوڵەتی یاسا، نەهجی وەتەنی و نەسر ناڕازین.

بە وتەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رێژەی پێویستی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنی پەرلەمان ئامادەن و بەهۆی ناکۆکیی ئەو لایەنە شیعیانەوە کۆبوونەوەکە دواخراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیانەوێت چارەسەرێکی مامناوەندی بدۆزنەوە بۆئەوەی هەموو لایەنەکان پێی رازیبن.

 ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پەرلەمانتارانەی لەگەڵ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەن زیاترن و دەتوانن رێژەی یاسایی تەواوبکەن.

د. بەشیر حەداد ئەوەی خستەڕوو، سەبارەت بە قەرزەکان پێشنیارێک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەمان پرۆژەکان و بڕی قەرز کە نزیکەی 5.7 ملیار دۆلارە هەبن، لەجیاتی ئەوەی قەرزی دەرەکی بن، ناوخۆیی بن و لە بانکی ناوەندی وەربگیرێت، بەڵام "وەزیری دارایی دەڵێت ناتوانین ئەوە دابین بکەین، کۆمپانیا دەرەکییەکانیش بە متمانەی قەرزی ناوخۆ ئەو کارانەمان بۆ ناکەن".

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندنەبێت، بەغدا پارەی بۆ نانێرێت، دەشڵێت "هەرچەند بودجە دوابکەوێت بابەتەکە ئاڵۆزتر دەبێت"، ئەو رێککەوتنەش کراوە بە "رێککەوتنێکی باش" ناویبرد.

سەرپەیڤ