پەرەسەندنی ھاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە بواری وزە
باڵوێزی ئێران لە بەغدا باسی سەردانی وەزیری کارەبای عێراق بۆ تارانی کردووە لە ئاراستەی ھاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە بواری وزەو خێرابوونەوەی ڕەوتی بژاردنی قەرزەکانی ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «ئیرەج مەسجیدی» باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ڕۆژی ھەینی لە توییتێکدا وێڕای ئاماژە کردن بە سەردانەکەی داھاتووی وەزیری کارەبای عێراق بۆ تاران نووسی: سەردانەکەی بەم زووانەی ڕێزدار «ماجید حەنتوش» وەزیری ھێژای کارەبای عێراق بۆ تاران لە ئاراستەی بەردەوامیی ھاوکارییەکانی دوو وڵات لە بواری وزەو خێرابوونەوەی ڕەوتی بژاردنی قەرزەکانی ئێران ئەنجام دەگرێت.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراقیش بەرلەمە وێڕای ڕاگەیاندنی سەردانی وەزیری کارەبای ئەم وڵاتە بۆ ئێران، جەختی لەوە کرد بووەوە کە لە ڕەوتی ئەو سەردانەدا ڕێککەوتنی تازە لە نێوان دو وڵات لە بواری وزە دەکرێت.