May 24, 2021 18:18 Asia/Tehran
  • ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق داوای پچڕانی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ تورکیا دەکات

لیژنەی پەیوەندییەکانى ده‌ره‌وه‌ لەئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق گرنگترین ڕاسپاردەکانی لەبارەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەبارەی دۆسیەی سەرچاوە ئاوییەکان لەگەڵ ئێران‌و تورکیا ئاشکراده‌کات‌و لەیەکێک لە خاڵەکانیشدا داوای پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ تورکیا ده‌کات.

بە پێی ھەواڵێکی  میدیای شارپرێس ، فورات تەمیمی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانى ده‌ره‌وه‌ لەئەنجومەنی نوێنەران لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەکەیان داوایکردووە بەشی "ئاو" لەناو وەزارەتی دەرەوەدا کارابکرێت، بەوپێیەی لایەنی بەرپرسە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا، ئەوە جگە لەوەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان کە چاوەڕێدەکرێت ئەوانیش ڕێکارە تایبەتەکانی خۆیان بگرنەبەر.

تەمیمی ئەوەشی وتووە، "تاکە کارتی گوشاری عێراق لەدۆسیەی ئاودا ئەوەیە لەسەر ئاستی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی دەست بەجوڵە بکرێت، ئەوە جگە لەبەکارهێنانی کارتی بازرگانی‌و بەستنەوەی دۆسیەی ئابووری بەدۆسیەی ئاوەوە، بەوپێیەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق‌و تورکیا ساڵانە دەگاتە دەیان ملیار دۆلارو عێراق دەتوانێت لەو ڕێگایەوە گوشاربخاتەسەر تورکیا بۆئەوەی پشکی ئاوی عێراق زیادبکات".

عێراق لەدابینکردنی ئاوەکەی بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت بەئاوی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات‌و چەند ڕووبارێکی بچووک دەبەستێت کە سەرجەمیان سەرچاوەکەیان لەناو خاکی ئێران‌و تورکیادایە.

لەمانگی دیسەمبەری ساڵی 2014دا، عێراق‌و تورکیا یاداشتنامەیەکی لەیەکتێگەیشتنیان لەبواری ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکانی هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات‌و دیاریکردنی پشکی ئاوی عێراق لەهەردوو ڕووبارەکە واژۆکرد، بەڵام تورکیا پابەندی لەیەکتێگەیشتنەکە نەبووەو بەردەوامە لەسەر کەمکردنەوەی بەشە ئاوی عێراق.

سەرپەیڤ