حوزه‌یران 05, 2021 16:33 Asia/Tehran
  • وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی هێرشکردنە سەر مەخمور وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە وە

وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی هێرشکردنە سەر مەخمور لەلایەن سوپای تورکیاوە وەڵامی رەجەب تەیب ئەردۆغانی دایەوە و رایگەیاند، مەخمور لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای عیراقدایە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دۆخی ئەمنی ناوچەکە دەپارێزرێت.

 

2ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر مەخمور و کامپی پەنابەرانی مەخموری کرد بەبیانوی ئەوەی کە پەناگەیەکی پارێزراوە بۆ گەریلاکانی پەکەکە و وتی، "مەخمور هاوشێوەی قەندیل گرنگە و دەیکەینە ئامانج".

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەوەڵامی وتەکانی ئەردۆگان دا رایگەیاند ، "مەخمور لە ژێر کۆنتڕۆڵی فیرقەی 14ی سەر بە سوپای عێراقدایە، هەماهەنگییەکی زۆر لە نێوان هێزە هاوبەشەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی شانە نوستوەکانی داعش لە ناوچەکەدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی فیدڕاڵی و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسن لەپاراستنی خاکی عێراق و ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کارەکانی خۆی لە راوەدونانی تیرۆرستان ئەنجامدەدات، هاوکات هەواڵی بونی گەریلاکانی پەکەکەی لە مەخمور رەتکردەوە.

ئەیاد ئەلجبوری ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقیش هۆشداری داوە لەسەر "بێدەنگی حکومەت" لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا و رایگەیاند، "بەردەوامی پێشێلکارییەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا و بێبەهاکردنی داوا فەرمی و دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی هێرشە ئاشکراکانی ئەو ئەرکە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی بەغدا بە شێوەیەکی زیاتر و تۆکمەتر کاربکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە".

لەماوەی رابردودا تورکیا زنجیرەیەک هێرش و ئۆپراسیۆنی سەربازی لەناو خاکی عێراقدا ئەنجامداوە کە نوێترینیان لە 23ی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستیپێکرد، تا ئێستا شەڕو پێکدادان لەناوچە شاخاوییەکانی بادینان لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە و بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی و دانیشتوانی گوندە سنورییەکانی کوژراون و برینداربون و سەدانی دیکەش ئاوارەبون.

مانگی ڕابردو حکومەتی عێراق یاداشتی ناڕەزایی ڕادەستی باڵیۆزی تورکیا لەبەغدا کرد کە سێیەم جارە لەماوەی ساڵێکدا ئەو یاداشتە ناڕەزاییەی بدرێتە تورکیا، لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئەنقەرە و ڕێزنەگرتن لەپەیماننامە نێودەوڵەییەکان.

سەرپەیڤ