وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پاشماوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەژێر کۆنترۆڵ و بەرزەفتی تۆکمەوتەواوی عێراق دان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: ئەو ھێزانەی کە بە مەبەستی ڕاھێنان و کاری موستەشاری لە عێراق دا دەمێننەوە لە بنکەگەلێک دا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی بەغدا دەبن.
بە پێی ڕاپۆرتی مەوازین نیوز، «ئەحمەد سەحاف» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی کرد: ئەو ھێزانەی کە بە مەبەستی ڕاھێنان و کاری موستەشاری و بەرز کردنەوەی ئاستی توانایی ھێزەکانی عێراق و ھەروەھا گۆڕینەوەی زانیاریی سەربازی لە نێوان دو وڵات دا چالاکی دەنوێنن، لە بنکەگەلێک دا بە تەواوی لەژێر دەستەڵات و یاساو ڕێسای عێراق دا دەجوڵێنەوە.
سەحاف وتیشی: بەرز بوونەوەی ئاستی توانایی ھێزەچەکدارەکانی عێراق لەوانە، سوپا، پۆلیسی فیدراڵ، ھێزەکانی حەشدی شەعبی، ھێزی پێشمەرگەو ڕۆڵەکانی خۆبەخشی ھۆزە عێراقییەکان و ھەروەھا دامەزراوەی دژەتیرۆر بووە ھۆی ئەوەی کە وتووێژە ستراتژییەکانی نێوان بەغداو واشێنگتۆن ڕێککەوتن لە سەر کشانەوەی لەشکریانی ئەمریکیی لێ کەوتەوە.
وتیشی: ھێزە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لەوانە ئەمریکا لە ٣١ی دیسامبەری ٢٠٢١ قەت لە خاکی عێراق دا نامێننەوەو ڕۆڵی ئەو ھێزانەش لە عێراق دا دەمێننەوە بە ڕاھێنان، ڕاوێژو بەرز کردنەوەی توانایی ھێزە چەکدارەکان و دەزگای ئاسایشتی بەرتەسک دەبێتەوە.