کازمی: ئامانج لە دانیشتنەکانی بەغدا کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکەیە
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: ئامانج لە دانیشتنەکانی بەغدا بەکارھێنانی بارستاییەکانی ناوچەکەو ھاوبەشان و ھاوڕێیانە بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانە بەردەوامەکانی ناوچەکە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی ئیسنا، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدار لەگەڵ نوێنەرانی میدیاکانی دەرەوە، وتی: ئێمە دۆخێکی نالەبارمان لە عێراق دا وەپشت سەر ناوەو ئێستا دەبێ کەشەکە بۆ ھاوکاریی ھەمووان لە تەواوی بوارە سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری و ئاسایشتیەکان خۆش کەین
«کازمی» وێڕای ئاماژە کردن بە گۆڕانکارییەکانی ئەم ڕۆژانەی ئەفغانستان و ئەوەی وا لە بەر کردارە تیرۆریستییەکانی داعش بەسەر عێراق و سووریا ھاتووە، وتی: ئەم گرفتانە دەبێ لە سای یەکگرتن و ھاریکاریی وەپشت سەر بنرێت و ئەمەش بە خواستی ھەمووان نەبێ مسۆگەر نابێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەر بەرنگار بوونەوەی تیرۆریزم و ھێزمەند کردنی پەیوەندیی وڵاتانی ناوچەکە پێی داگرت و وتیشی: خواستی جەماوەری ناوچەکەش ھەر ئاشتی و ئەھوەنی و پێشکەوتنەو عێراق بە نیازە بە یارمەتیی تەواوی ھاوڕێیانی ببێتە پردێک بۆ بەدی ھاتنی ئەم پەیوەندییانە لە ئاراستەی پێشکەوتن و گۆڕانی ناوچەکە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامانجێکی دیکەی دانیشتنەکانی بەغدای بۆ پرسی ئابووری و ڕۆشنبیری گەڕاندەوەو وتیشی: ئەم ئابووری و ڕۆشنبیرییەش دەبێ لە سەر بنەمای خواست و ھاریکاریی ھەمووانی بچەسپێت و بەرەوپێش بڕوات و ھیچ جیاوازییەکیش لەم بوارەدا بوونی نییە.
بەغدا بڕیارە سبەینێ ٢٨ی ئوت بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٠ەوە ھەتا ئێستا کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی نزیکەی ١٠ وڵاتی عەرەبی، ناوچەیی و ئەورووپی لەوانە پێنج وڵاتی دراوسێی عێراق واتە ئێران، تورکیا، عەرەبستان و کوێت و ئۆردۆن بەڕێوە بەرێت.