عێراقو تورکیا لە پرسی ئاودا لەسەر 3 خاڵ ڕێککەوتن
دوای ماوەیەکی زۆر لەدانوستانی نێوانیان، هەریەک لەعێراقو تورکیا لەسەر دیاریکردنی پشکی ئاوی عێراق لەهەردوو ڕوباری دیجلەو فورات گەیشتنە لێتێگهیشتن که لهسێ خاڵ پێکهاتوه.
عەون زیاب عەبدوڵڵا وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان عێراقو تورکیا لەسەر پشکی عێراق لەئاوی ڕوباری دیجلەو فورات واژۆیان کردوە لەبەرژەوەندی عێراقدایە".
دهشڵێت:"ئەو سێ خاڵە سەرەکییەشی لەسەری ڕێککەوتون بریتین لە:یەکەم: تورکیا پشکێکی گونجاوو دادپەروەرانە لەئاوی ڕوباری دیجلەو فورات بۆ عێراق بەردەداتەوە.دوەم: لەو ساڵانەی ڕێژەی ئاو کەمدەبێتەوە، هەردولا زیانەکانی کەمئاوییەکە لەئەستۆ دەگرن.سێیەم: ناوەندێکی توێژینەوەی هاوبەش بۆ کاروباری ئاو لەنێوان عێراقو تورکیا دروستدەکرێت کە کاری لێکۆڵینەوە دەبێت لەپرسەکانی پەیوەست بەئاو، وەک چۆنێتیی بەکارهێنانی ڕێکوپێکو نمونەییانەی ئاو.
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لێکتێگهیشتنهکه پرسی توندوتۆڵکردنی هاوکاریی لەبواری ڕاهێنانی کارمەندانو گۆڕینەوەی زانیارییو پلانی تایبەت بەبەنداوە دروستکراوەکانیش لەخۆدەگرێت.
بە وتەی عەبدوڵڵا، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا تورکیا بڕی جیاواز ئاوی بۆ عێراق بەرداوەتەوە، کە ئەوەش گرنگترین ئەو خاڵە بوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی مشتومڕی لەنێوان لایەنی عێراقیو تورکی دروستکردوە.