وەزیری نەوتی عێراق داوا دەکات نەوتی هەرێم شەفاف بێت
لە دوای کۆبوونەوەی وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، لە راگەیاندنێکدا کە لەبەر رۆشنایی کۆبوونەکە بڵاوکراوەتەوە، وەزیری نەوتی عێراق داوا لەهەرێم دەکات دۆسیەی نەوت شەفاف بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ ی تشرینی یەکەم، نوسینگەی وەزیری نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم کە بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەتەوە، راگەیاند.
لەو کۆبوونەوەیەدا وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ھۆکاری گرانبوونی گاز ئاشکرا کراوەو، هەروەها لە بارەی ھاریکاری نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی کراوە لە دۆسییەی نەوتدا.
راگەیەنراوەکەی حکومەتی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوەو داوای لە لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم کردووە، کە ھەرێم زیاتر شەفاف بێت لە دۆسییەی نەوت و چالاکییەکان و ئەو داھاتەی دەستی دەکەوێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوای کردووە ھەولێر و بەغدا زیاتر ھاریکاری یەکتربکەن و پێکەوە کاربکەن بە ئامانجی وەبەرھێنانی داھاتە سروشتییەکان و ھایدرۆکاربۆن لەسەتاسەری عێراقدا لە پێناو بەھێزکردنی ئابوریی نیشتیمانی.