تشرینی دووه‌م 28, 2021 12:59 Asia/Tehran
  • پێشمەرگە بریندارەکانى تەقینەوەکەى کوڵەجۆ شەهیدبوون

وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو پێشمەرگانەى شەوى رابردوو لە گوندێکى کوڵەجۆ لەگەرمیان بەهۆی هێرشى داعشەوە بریندار بوون گیانیان لەدەستداوە.

 

بە پێی ھەواڵێکی میدیای شارپرێس ، دەرنگانێکى شەوى رابردوو چەکدارانى داعش لە گوندێکى سەر بە کوڵەجۆی گەرمیان هێرشیان کردە سەر هێزەکانى پێشمەرگە و بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانى پێشمەرگە کە لە جۆری هەمەر بووە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون.

وەزارەتى پێشمەرگە ئەمڕۆ یەک شەممە لەوبارەیەوە راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە کە تیایدا تەنها ئاماژەى بە ئەفسەرێک و دوو پێشمەرگە کردوە.

لە راگەیەنراوەکەى وەزارەتى پێشمەرگەدا هاتووە"بەداخەوە ئوتۆمبێلێکی سەربازی کە بەپێ زانیاریەکان ( ئەفسەرێک و دوو پێشمەرگەی تێدا دەبێت ) بۆمبی چێنراو بەسەریاندا دەتەقێت و بە هۆی سەختی برینەکەیان رووحی پاکیان بە خاک و نیشتیمان دەسپێرن و دەچنە ریزی کاروانی شەهیدان".

بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە سنوری ناوچە کێشە لەسەرەکان هەیە داعش ماوە ماوە هێرش دەکاتە لەسەر سوپای عێراق و پێشمەرگەو حەشدی شەعبی کە بەهۆیەوە تائێستا چەندین قوریانى لە ریزەکانى ئەو هێزانەدا کەوتوونەتەوە.

سەرپەیڤ