وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق: ھەوڵ ئەدەین بە ھاواھەنگیی ، کەمپەکانی ھەرێمی کوردستانیش دابخەین
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە کە سەرجەم کامپەکانی پەنابەران لەسەرانسەری عێراق دادەخەن، جگە لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی وەزارەتەکەیان دەسەڵاتی بەسەر کامپەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا ناشکێت.
بە پێی ھەواڵێکی شارپرێس ، ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاندووە" جگە لە هەرێمی کوردستان وەزارەتەکەیان سەرجەم کامپەکانی پەنابەرانی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دادەخات، روونیشی کردۆتەوە کە لەم مانگەدا دوایین کامپ لە عێراق دادەخرێت کە ئەویش کامپی جەدعەیە لە پارێزگای موسڵ".
وەزیری کۆچ و کۆچبەران جەختی کردۆتەوە کە داخستنی کامپەکانی هەرێمی کوردستان قورسە، لەبەرئەوەی وەزارەتەکەیان هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا ناشکێت و ئەوانە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام وەزارەتەکەیان پلانی هەیە بۆ داخستنی کامپەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانیی ، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بکات.
دەشڵێت ئەوان لەگەڵ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکانی ناو کامپەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام هیچ ئیرادەیەکی راستەقینە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان نابینین بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان.
جابرۆ هەروەک وتویەتی: وەزارەتەکەیان ناتوانێت گوشار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆئەوەی کامپەکانی ئەو سێ پارێزگایە دابخات، بەڵام داوای کردووە بەغدا بە گفتوگۆ هەوڵی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات.
بە وتەی ئەو وەزیرە زۆربەی ئاوارەکانی ناو کامپەکانی هەولێر و سلێمانی شارەکانیان گونجاون بۆ گەڕانەوەیان، جگە لە ئاوارەکانی قەزای شەنگال، بەوپێیەی هێشتا ڕێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان هەرێمی بەغدا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.