یەکەم قۆناغی وتووێژی ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گاز کۆتایی ھات
ئەمڕۆ دوو شەممە کۆبونەوەی وەفدی هەرێمی کوردستانو وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ رادەستکردنی نەوتی هەرێم بەڕێوەچوو، لایەنی عێراقی جەخت لەسەر رادەستکردنی نەوت دەکات، وەفدی هەرێم جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد.
بە پێی ھەواڵێکی میدیای شارپرێس ، دوای کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ خالید شوانی سەرۆکی وەفدی هەرێم، ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بنەمای سەرەکی ناردنی سەرجەم ئەو گرێبەستو رێککەوتنانە لەخۆدەگرێت کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانو کۆمپانیا نەوتییەکاندا کردوویەتی، ئەمە بۆ مەبەستی (پێداچوونەوە، هەموارکردنو باشکردن)ی گرێبەستەکان.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم گرێبەستی لەگەڵدا کردوون، حەواڵەی لای کۆمپانیایەکی نەوتیی بکرێن کە بۆ ئەم مەبەستەو بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دروستدەکرێتو بارەگای کۆمپانیاکە لە هەولێر دەبێتو لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خاوەندارێتی کۆمپانیاکە دەکرێتو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاکییە نەوتییەکانی پێدەسپێردرێت، دەسەڵاتو پێوەرەکانی کارکردنی کۆمپانیاکە لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانی نەوتو وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ئامادە دەکرێت.
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەشکرد، حساب بانکییەک لە یەکێک لە بانکە جیهانییەکان دروست دەکرێتو سەرجەم داهاتەکانی فرۆشتنو هەناردەی نەوت خاوی هەرێم دەخرێتە ئەو بانکەوە، وەزارەتی دارایی خاوەندارێتی حساب بانکییەکە دەکاتو داهاتەکانی نەوتی هەرێم بەکاردەهێنرێت بۆ زامنکردنی بودجەی هەرێم لە حاڵێکدا ئەگەر ناردنی پارەکە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دواکەوت.
وەزیری نەوتی عێراق روونیکردەوە کە وەفدی هەرێم جارێکی تر دەگەڕێنەوە بەمەبەستی دەستپێکردنی گەڕێکی تری گفتوگۆ.
لای خۆشییەوە خالید شوانی سەرۆکی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبونەوەکە راشکاوانە بووە، رێککەوتن کراوە لەبارەی دانانی میکانیزم، بەجۆرێک ببێت بە پلانی کاری داهاتوو بۆ چاەسەکردنی کێشەی نەوت بەشێوەیەکی ریشەیی بە هەموو جومگەکانییەوە.