ژووری بازرگانیی عێراق داوای بایکۆتکردنی کاڵای تورکیا دەکات
ژووری بازرگانیی بەغدا داوای بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی دەکات و وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی تورکیا و ئاشکرا دەکات، کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا 20 ملیار دۆلارە و بایکۆتکردنیشی پێویستییە.
فیراس ئەلحەمدانی، سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغداد بەئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، ژووری بازرگانی داوا لە کەرتی تایبەتی عێراق دەکات، کە لە ئەنجامی هێرشە زەقەکەی سەر هاوڵاتیان لە پارێزگای دهۆک، کار لەگەڵ هەموو کۆمپانیا تورکییەکان بوەستێنن.
سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغداد وتیشی: ژوورەکەیان داوا لە هەموو بازرگانانی ژێر چەتری دەستەی گشتی ژوورەکە دەکات، کە بایکۆتی کەلوپەلی تورکی بکەن وەک ناردنی پەیامێکی توند بۆ حکومەتی تورکیا کە پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ هەندێک لە کۆمپانیاکانیدا هەیە.
ئاشکراشیکرد، قەبارەی بازرگانیی لەگەڵ تورکیا ساڵانە دەگاتە 20 ملیار دۆلار و بایکۆتکردنیشی زیان بە ئابووری تورکیا دەگەیەنێت و پەیامێکی بەهێز دەنێرێت کە عێراق توانای هەیە بۆ بایکۆتکردنی ئەو بەرهەمانە لە وەڵامی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی تورکیا.