بەغدا سنووری نێوان عێراق و تورکیا پتەوتر دەکاتەوە
حکومەتی عێراق بڕیاری دا ٣٠ ملیار دینار بۆ پتەوکردنی سنورەکانی نێوان عێراق و تورکیاو دابین کردنی بنکەو کەرەستەی سەربازیی پێویست تەرخان بدرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە بەسەرۆکایەتیی «مستەفا کازمی» کۆبوەوە بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی وڵات و هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی رەوشی ئەمنی لەرێگەی گفتوگۆی سیاسییەوە.
لەکۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لە سەر ئەوەی کە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیران پشتیوانیی فراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەدەستهێناوە.
هەر بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، راپۆرتی لیژنەی بەدواداچون بۆ دۆخی سنوری عێراق- تورکیا خرایەڕوو و لەسەر ئەو راپۆرتەش بڕیاردرا ٣٠ ملیار دینار بۆ پتەوکردنی سنورەکان دیاری بکرێت، لەوەش ٢٠ ملیار دینار بۆ دروستکردنی بنکە و ١٠ ملیار دیناریش بۆ دابین کردنی کەرەستەی هێزەکانی پاسەوانی سنور بێت، هەروەها وەزارەتی دارایی ٤٢ ملیار دینار بۆ هێزەکانی پاسەوانی سنور تەرخان دەکات لە ئاراستەی دابین کردنی پێداویستییەکانیان.
دوو حەوتە لەمەوبەر سوپای تورکیا تۆپبارانی سنوری سەیرانگای پەرەخی لە ئیدارەی زاخۆی کرد و بەو هۆیەشەوە ١٠ گەشتیاری عێراقی کوژران و نزیکەی ٢٥ی دیکەش برینداربوون.