ئاب 18, 2022 13:50 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونی قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین لە عێراق

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستیان بە قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین کردووە بەمەبەستی لەناوبردنی بەرماوەکانی داعش بەهاوکاریی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھیەرێمی کوردستان، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە،" هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوام لەنێوان کەرت و بەشەکانی هێزەئەمنییەکاندا هەیە، کە ئەمەش ئەنجامێکی باشی بۆ لەناوبردنی بەرماوەکانی داعش هەیە، لەوچوارچێوەیەشدا لەژێر سەرپەرشتیی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، بەپشتبەستن بە زانیاری وردی هەواڵگری کە لەمیانەی کۆبونەوە و چاوپێکەوتنە بەردەوامەکانی هێزی ئیتیحادی و پێشمەرگە دەستمان کەتووە،بەیانی ئەمڕۆ قۆناغی پێنجەمی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی پۆڵاینمان دەست پێکرد.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە،"لەم ئۆپەراسیۆنەدا یەکە سەربازییەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و بارەگای ھەژمونداریی سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی دوزخورماتو و فەرماندەیی میحوەرەکانی (یەکەم و دوەم و سێیەم)ی ھێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی ھێزە ئاسمانییەکان بەشدارن.

لەکۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتوە: ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە پشکنین و کێوماڵکردنی ناوچەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانە لە نێوان یەکە سەربازییەکانی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سنوری ناوچەی فەرماندەیی دیالە و بارەگای ھەژمونداریی ئۆپەراسیۆنی دوزخورماتو و کێوماڵکردنی سەرجەم گوند و دەشتاییەکانی نێوان ھەردووک سنوری دەستنیشانکراوە بۆ راوەدونانی بەرماوەکانی تیرۆریستان و داواکراوەکان و وشککردنەوەی سەرچاوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکان.

سەرپەیڤ