ئاب 26, 2022 11:09 Asia/Tehran
  • نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق پێشنیاری کۆبوونەوە بە ڕەوتی سەدر دەکات

سەرچاوەیەکی نزیک لە «موقتەدا سەدر»، رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند: «جێنین پلاسخارت» نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نوێ لە بارەگای سەدر، بۆ گەییشتن بە ئەنجامێک لە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە کێشەی ئێستای عێراق.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژی پێنج شەممەی بەغدا ئەلیەوم،«جێنین پلاسخارت» نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق دەستی بە ژمارەیەک پەیوەندیی چڕکردووە، لەپێناو ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نوێ لە ماڵی موقتەدا سەدر، لە حەنانە، بە ڕاگەیاندنی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە قەیرانی عێراق پاش ئەو کۆبونەوانەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییە شیعی و سونی و کوردییەکان ئەنجامی داوە.

بەغدا ئەلیەوم لە ڕاپۆرتەکەی دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە، تائێستا نازانرێت، سەدر بەو داوایە رازی دەبێت یان نا، بەڵام هەڵوێستی رەوتی سەدر جێگیرە، کە ئەویش رەتکردنەوەی دانیشتنە لەگەڵ هەر لایەنێک کە تێوەگلابێت لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات لەبەرژەوەندی حزبەکەی خۆی.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردودا لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆپیشاندانەکانیان بردە بەردەم بینای ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەدوای ئەمەش چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەر کۆبونەوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رەتدەکەنەوە.

سەرپەیڤ