پووچەڵکردنەوەی پیلانی داعش بۆ هێرشکردنە سەر زیارەتکارانی حسەینی(ع) لە باشووری سامەڕا
هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق پیلانی تیرۆریستانیان بۆ هێرشکردنە سەر زیارەتکارانی حسەینی(ع) و هێزە ئاسایشتییەکانی ئەم وڵاتە لە باشووری سامەڕا پووچەڵ کردەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی تێلێگرامیی ئەلغەدیر، تیپی ٤١ی هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق هەوڵی دزەکردنی چەتە تیرۆریستەکانی داعشیان بۆ نێو ناوچەی «تەل زەهەب» لە باشووری سامەڕا بەمەبەستی پەلاماردانی زیارەتکارانی حسەینی و هێزەکانی ئاسایشت پووچەڵ کردەوە.
پێشتریش فەرماندە باڵاکانی عێراق باسی بڵاوەپێکردنی ٢٠ هەزار هێزی سەربازی و ئەمنی و کامێرای گەرمایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردبوو لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشت و سەلامەتیی زیارەتکارانی ئەربەعینی حسەینی (ع) لەم وڵاتەدا.
سەرتیپ «فەهم ئەلکەریتی»، بەڕێوەبەری بنکەی ڕاگەیاندنی سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنی کەربەلای پیرۆز، ڕۆژی شەممە رایگەیاندبوو کە ئەم بنکەیە ئۆپەراسیۆنی پێش ڕووداوی خۆی بۆ دابینکردنی ئاسایشتی نەریتی ئەربەعینی حسەینی (ع) لە بیابانی پارێزگاکانی کەربەلای پیرۆزو ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق دەست پێ کردووە.
«ئەلکەریتی» ڕاشیگەیاند بوو کە ٢٠ هەزار هێزی ئەمنی بە پاڵپشتیی کەرتی ئاسمانیی ھێزی زەوینی و ھەروەھا هێزی ئاسمانیی سوپای عێراق پلانی ئاسایشتی تایبەتیی ڕێوڕەسمی ئەربەعینیان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشت و ڕێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆریستان لە ڕێگاکانی بیابانەوە ڕاپەڕاندووە.