تشرینی یه‌که‌م 13, 2022 21:18 Asia/Tehran
  • «مستەفا کازمی» پیرۆزبایی لە دکتۆر «لەتیف ڕەشید»کرد

«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق په‌یامێکی ئاراسته‌ی سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق کردو تیای دا پیرۆزبایی وەرگرتنی پۆستەکەی لێ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، دوابەدوای ڕاگەیەندرانی دەرەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پێنج شەممەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق و دیاری کرانی دکتۆر «لەتیف ڕەشید» وەک پێنجەمین سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە «مستەفا کازمی» سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌په‌یامێکدا پیرۆزبایی له‌ ناوبراو کرد به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ک سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق.

«مسته‌فا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌ تویتێکدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی ڕایگەیاند: پیرۆزبایی لە دکتۆر «لـەتیف رەشید» دەکەین بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەک سەرۆکی کۆماری عێراق، ھەروەھا ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە ئەرکەکەیدا. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، داوا لە ھەموو ھێزە سیاسیەکان دەکەین ھاوکاری بن و پاڵپشتی پێشکەش به‌ سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق بکەن.

جێگای ئاماژەیە، بەپێی ژماردنی دەنگەکانی خولی دووھەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە، دکتۆر «لەتیف رەشید» بە دەست خستنی ١٥٧ دەنگ پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بە دەست ھێنا.

سەرپەیڤ