تشرینی دووه‌م 03, 2022 06:51 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی عێراق ڕوو لە تورکیا: نە بوردومان و نەبڕینی ئاو، ئەگینا هەڵوێستمان  دەبێت

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی لە تورکیا کرد؛ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر عێراق دووبارە ببنەوە و بڕینی ئاو لە ڕووی عێراق بەردەوام بکرێت، پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەڵوێستێکی دیکەی دەبێت.

ڕۆژی چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێریان بۆردومان کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی شەفەق؛ دوای ئەم هێرشانە، «موحسین مەندەلاوی» جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە نووسینگەکەی خۆی لە بەغدا میوانداریی «عەلی ڕەزا گۆنەی» باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و شاندەکەی یاوەری کرد.

«مەندەلاوی» لەم دیدارەدا هۆشداریی دا کە: ئەگەر هێرشەکانی تورکیا دووبارە ببنەوە و داخستنی ئاو لە ڕووی عێراق بەردەوام بێت، ئەمجارەیان وڵاتەکەی هەڵوێستێکی دیکە دەگرێتەبەر.

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کرد کە چارەسەریی کێشەی ئاو بە شێوەیەک خێراتر بکرێت کە هەموو مافەکانی ئاوی عێراق لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات مسۆگەر بکرێت و ڕاشیگەیاند: بەردەوامیی ئەم دۆخە دەتوانێت پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان بەغداو ئانکارا ئاڵۆز بکات و  زیان بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بگەیەنێت.

تورکیا لەمێژە بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی  پەکەکە سەروەریی خاکی عێراق پێشێل دەکات. ئانکارا نزیکەی ھەموو ڕۆژێک ناوچەکانی باکوری عێراق بە هێرشی ئاسمانی دەکاتە ئامانج و ناڕەزایەتییەکانی عێراقیش تا ئێستا ھیچیان لێ نەوەشاوەتەوە.

سەرپەیڤ