تشرینی دووه‌م 10, 2022 23:26 Asia/Tehran
  • سه‌رۆک کۆماری عێراق: ئیمپراتۆریه‌ته‌کان لە بەر گه‌نده‌ڵی ڕووخاون

سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ شاندێکی ئابووریی به‌سره‌ رایگه‌یاند: گه‌نده‌ڵی ڕێگری له‌ پێشکه‌وتنی وڵاتان ده‌کات و زۆربه‌ی ئیمپراتۆریه‌ته‌کان به‌هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ ڕووخاون.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕەکانی عێراق،«له‌تیف جه‌مال ره‌شید» ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیی کرد له‌ شاندێکی سه‌ندیکا و کۆمه‌ڵه‌ و فیدراسیۆنه‌کانی به‌سره‌ و بە بەڵێنی چارەسەر بوونی گرفتەکانی دانێ.

له‌ سه‌ره‌تای کۆبونه‌وه‌که‌دا، ئه‌ندامانی شانده‌که‌ پیرۆزبایی و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ «له‌تیف جه‌مال ره‌شید» ده‌ربڕی به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆک کۆمارو، هیوای سه‌رکه‌وتنیان بۆ خواست له‌ کاره‌کانیدا بۆ خزمه‌تکره‌نی گه‌لی عێراق.

ھەر لە دیدارەکەدا سه‌رۆک کۆماری عێراقیش جەختی لەوە کردەوە کە، پارێزگای به‌سره‌ و دانیشتوانه‌که‌ی پێگه‌یه‌کی ئازیزیان له‌ دڵی عێراقییه‌کاندا هه‌یه‌، نوێنه‌رایه‌تی ده‌روازه‌ی ئابوریی عێراق ده‌کات و به‌شێکی گرنگی ئابوریی نیشتمانیی عێراقه‌ به‌هۆی سه‌رچاوه‌ سروشتی و مرۆڤییه‌کانییه‌وه‌.

«له‌تیف ڕه‌شید» ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌سره‌ هاوشێوه‌ی پارێزگاکانی دیکه‌ له‌ ئه‌نجامی گه‌نده‌ڵی زیانێکی زۆری به‌رکه‌وتووه‌، گه‌نده‌ڵی ڕێگری له‌ پێشکه‌وتنی وڵاتان ده‌کات و زۆربه‌ی ئیمپراتۆریه‌ته‌کان به‌هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ ڕوخاون.

سەرۆک کۆماری عێراق پێی داگرت له‌سه‌ر پێویستیی پێشخستنی دۆخی شار و دانیشتوانه‌که‌ی و به‌ په‌ره‌پێدانی خزمه‌تگوزارییه‌کان و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی کار بۆ گه‌نجانی پارێزگاکه‌ و چه‌سپاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری و وتیشی: یه‌کێک له‌ بناغه‌کانی خزمه‌تگوزارییه‌ گرنگه‌کان گرنگیدانه‌ به‌ بواری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌.

سه‌رۆک کۆمار ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوه‌کانی به‌سره‌ و ته‌واوی پارێزگاکانی تر  کرد له‌ پاراستنی مافی عێراقییه‌کان و گه‌یاندنی ده‌نگ و داخوازی و پێداویستییه‌کانیان و هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ سه‌ندیکاکان خواست له‌ کاره‌کانیان و له‌ خزمه‌تکردنی دانیشتوانی شکۆمه‌ندی به‌سره‌دا.

سەرپەیڤ